





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە جابری کوڕی عبداللەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا ﷺ فەرموویەتی: «هەموو بەندەیەک لەسەر ئەو شتە زیندوو دەکرێتەوە کە لەسەری مردووە».
موسلیم گێڕاویەتیەوەهەموو بەندەیەک لەسەر ئەو حاڵەتە زیندوو دەکرێتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا کە لە دونیادا لەسەری مردووە.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئیمانداری بەهێز خێرترە وخۆشەویستترە لای خواى گەورە لە ئیمانداری لاواز، وهەموویان خێریان تێدایە، پێداگیر بە لەسەر ئەوەى سوودی بۆت هەیە، وداواى یارمەتی لە خواى گەورە بکە وتەمەڵ مەبە، ئەگەر ناخۆشیەکت تووش بوو، مەڵێ ئەگەر ئاوا وئاوام بکردایە، بەڵکو بڵێ: (قَدَرُ اللهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ،)^، چونکە ووتنی (ئەگەر) دەرگا بۆ شەیتان دەکاتەوە بۆئەوەى کاری خۆی بکات». ^(واتە: ئەوەى قەدەری خواى گەورە بوو ڕوویدا، وئەوەى ویستی جێبەجێ بوو).
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیكردەوە كە هەموو ئیماندارێك خێری تێدایە، بەڵام ئیمانداری بەهێز لە ئیمان وهیمەت وسامان بەخشینی وهتد ؛ خێرترە وخۆشەویستترە لای خواى گەورە -عز وجل- لە ئیمانداری لاواز. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەسیەتی ئیمانداری كرد بۆ جێبەجێكردنی هۆكارەكان لەو شتانەی سوودی بۆی دەبێت لە بابەتەكانی دونیا وقیامەت، لەگەڵ متمانە بە خوای گەورە -سبحانه وتعالی-، وداوای یارمەتی و بەهاناوە هاتن لێی، وپشت بەستن وتەوەكول پێی. دواتر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كرد لە تەمەڵی وكەمتەرخەمی وخاوی لە ئەنجامدانی ئەو كردەوانەی سوودیان هەیە بۆ دونیا وقیامەت. ئەگەر بەندە كۆشش بكات لە كردەوەدا، وهۆكارەكان جێبەجێ بكات، وداوای یارمەتی وبەخشین لە خوای گەورە بكات، لەپاش ئەمە هیچ شتێكی لەسەر نییە جگە لە سپاردنی هەموو شتێك بە الله، ودەبێت بزانێت كە بژاردەی خوای گەورە -عز وجل- ؛ خێرترە، ئەگەر تووشی كارەساتێك بێت، ناڵێت: (ئەگەر ئاوا وئاوام بکردایە) ، (چونکە ووتنی -ئەگەر- دەرگا بۆ شەیتان دەکاتەوە بۆئەوەى کاری خۆی بکات) ؛ لە ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر قەدەر، وخەفەت خواردن بۆ ئەوەی لەدەستی چووە، بەڵكو بە ملكەچی وڕەزامەندییەوە دەڵێت: (قَدَرُ اللهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ) واتە: (ئەوەى قەدەری خواى گەورە بوو ڕوویدا، وئەوەى ویستی جێبەجێ بوو)، ئەوەی ڕوویدا بەپێی ویست وخواستی -ئیرادەی- الله بوو، ئەو زاتە مەزنە چی بیەوێت ؛ جێبەجێی دەكات، وهیچ یەكێك ناتوانێت بڕیاری ئەو ڕەت بكاتەوە، وكەس ناتوانێت بڕیاری ئەو هەڵبوەشێنێتەوە.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: خواى گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا دەفەرموێت: «ئەی نەوەى ئادەم، نەخۆش بووم بەڵام سەردانى منت نەکرد! بەندەکە دەڵێت: ئەی پەروەردگار، چۆن سەردانت بکەم وتۆ پەروەردگار هەموو بوونەوەرەکانى!؟، پەروەردگار دەفەرموێت: ئایا نەتزانى کە فڵان بەندەم نەخۆش بوو بەڵام سەردانیت نەکرد! ئایا نەتزانى ئەگەر سەردانیت بکردایە ئەوا من لەوێ بووم! ئەی نەوەى ئادەم، داواى خواردنم لێت کرد کەچی خواردنت پێم نەبەخشی! بەندەکە دەڵێت: چۆن خواردنت پێببەخشم وتۆ پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکانى! پەروەردگار دەفەرموێت: ئایا نەتزانى فڵان بەندەم داواى خواردنت لێت کرد بەڵام پێت نەبەخشی! ئایا نەتزانى ئەگەر پێت ببەخشیایە؛ ئەوا پاداشتی ئەو بەخشینەت لە لای من وەردەگرت! ئەی نەوەى ئادەم، داواى ئاوم لێت کرد کەچی ئاوت پێم نەبەخشی! بەندەکە دەڵێت: چۆن ئاوت پێببەخشم وتۆ پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکانى! پەروەردگار دەفەرموێت: ئایا نەتزانى فڵان بەندەم داواى ئاوی لێت کرد (تینوو بوو) لێت کرد بەڵام پێت نەبەخشی! ئایا نەتزانى ئەگەر پێت ببەخشیایە؛ ئەوا پاداشتی ئەو بەخشینەت لە لای من وەردەگرت!».
موسلیم گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: (ئەی نەوەى ئادەم، نەخۆش بووم بەڵام سەردانى منت نەکرد! بەندەکە دەڵێت: ئەی پەروەردگار، چۆن سەردانت بکەم وتۆ پەروەردگار هەموو بوونەوەرەکانى!؟) واتە ئەی خودا تۆ بێ پێویستیت لە سەردانیکردنی من چۆن سەردانت بکەم!، (پەروەردگار دەفەرموێت: ئایا نەتزانى کە فڵان بەندەم نەخۆش بوو بەڵام سەردانیت نەکرد! ئایا نەتزانى ئەگەر سەردانیت بکردایە ئەوا من لەوێ بووم!) هیچ ئاڵۆزیەک نیە لە تێگەیشتنی ئەم بەشەی فەرموودەکە وبەهەمان شێوە بەشەکانى تریش کە هاوشێوەى ئەمەیە کە پەروەردگار دەفەرموێت: (نەخۆش بووم سەردانی منت نەکرد!) چونکە مەحاڵە خودا نەخۆش بێت، نەخۆش بوون نیشانەى لاوازیە، وخودای بەرز ومەزن دوورە لە هەموو کوموکورتی ولاوازییەک. مەبەستی (نەخۆش بوون)ی ئەولیا وبەندەی چاکی خودایە کە نەخۆش بووە، بۆیە پەروەردگار فەرمووی: (ئایا نەتزانى ئەگەر سەردانیت بکردایە ئەوا من لەوێ بووم!) ونەیفەرموو: (پاداشتی ئەو سەردان کردنەتم پێدەبەخشی) هەروەکو لە بەخشینی خواردن وئاو فەرموویەتی. ئەم بەشەی فەرموودەکە نیشانەى نزیک بوونی مرۆڤی نەخۆشە لە پەروەردگارە، بۆیە زانایان دەڵێن: مرۆڤی نەخۆش زۆر نزیکە لەوەى نزاکانى وەڵامبدرێتەوە جا ئەگەر نزا بۆ کەسێک بکات یان نزا لە دژی کەسێک بکات. کاتێک پەروەردگار دەفەرموێت: (ئەی نەوەى ئادەم، داواى خواردنم لێت کرد کەچی خواردنت پێم نەبەخشی!) وەکو زانراوە خودا داواى خواردن ناکات، چونکە دەفەرموێت: {وَهُوَ يُطْعِمُ وَلَا يُطْعَمُ}[الأنعام: 14]، واتە: {هەر خوای گەورەیه ڕزق و ڕۆزی به بەندەكان دەبەخشێت كە بخۆن بەڵام ئەو بێ پێویستە لە خواردن وهیچ شتێك ناخوات و پێویستی به خواردن نیه}، ئەو زاتە دەوڵەمەندە وبێ پێویستە لە خواردن وخواردنەوە، بەڵام بەندەیەک لە بەندەکانى خودا برسی بوو بەڵام بەندەکەى تری کە تواناى هەبوو پێی زانی وپێی نەبەخشی، خواى گەورە دەفەرموێت: (ئایا نەتزانى ئەگەر پێت ببەخشیایە؛ ئەوا پاداشتی ئەو بەخشینەت لە لای من وەردەگرت) واتە پاداشتی ئەو بەخشینەت لای من وەردەگرت وەکو خەزێنەیەک بۆت لە بەهەشتدا، وچاکەیش بە دە ئەوەندەیە هەتا حەوت سەد ئەوەندەیە هەتا چەند جارێکی زیاتریش کە خودا بیەوێت. ودەفەرموێت: (ئەی نەوەى ئادەم، داواى ئاوم لێت کرد کەچی ئاوت پێم نەبەخشی! بەندەکە دەڵێت: چۆن ئاوت پێببەخشم وتۆ پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکانى!) واتە پێویستیت بە خواردن وخواردنەوە نیە، پەروەردگار دەفەرموێت: (ئایا نەتزانى فڵان بەندەم داواى ئاوی لێت کرد (تینوو بوو) لێت کرد بەڵام پێت نەبەخشی! ئایا نەتزانى ئەگەر پێت ببەخشیایە؛ ئەوا پاداشتی ئەو بەخشینەت لە لای من وەردەگرت!) ئەگەر کەسێک داواى ئاو یان هەر خواردنەوەیەکی تری حەڵاڵی لێت کرد ئەگەر پێی ببەخشیت لە پێناو خواى گەورە ئەوا خواى گەورە پاداشتت دەداتەوە لە قیامەت وچاکەیش بە دە ئەوەندەیە هەتا چەند جارێکی زیاتر کە خودا بیەوێت.
لە ئیبن عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: باسی حەجی ماڵئاواییمان دەکرد، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە نێوانماندا بوو، ونەماندەزانى مەبەست لە حەجی ماڵئاوایی چییە، هەتا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- حەمد وسوپاس وستایشی خوداى کرد، وپاشان زۆر باسی مەسیحی دەججالی کرد، وفەرمووی: «هەموو پێغەمبەرێک ئومەتەکەى ئاگادار کردووەتەوە، نوح وپێغەمبەرانی پاش خۆی ئاگادارییان سەبارەتی داوە، لە نێوان ئێوە دەردەچێت وهەندێک لە سیفەتەکانى لە ئێوە شاراوە دەبێت، نابێت شاراوە بێت لێتان کە پەروەردگارتان چاوێکی کوێر نییە، دەججال چاوی ڕاستی کوێرە، چاوە کوێرەکەى وەکو ترێیەکی دەرپۆقیو وایە، خواى گەورە خوێن وماڵتانی حەرامکردووە لەسەر یەکتر وەکو حەرام بوونی ئەم ڕۆژە، وئەم شوێنە وئەم مانگە، ئایا پەیامەکەم گەیاند؟» ووتیان: بەڵێ، فەرمووی: «خودایە شاهێد بە» سێ جار وای فەرموو، پاشان فەرمووی: «خودا ڕەحمتان پێبکات! لە پاش من مەگەڕێنەوە بۆ بێباوەڕی وکوفر کە لە گەردنی یەکتر بدەن».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریلە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزاى خوایان لێبێت- دەڵێت: ئێمە دەمانووت حەجی ماڵئاوایی چییە؟ لە کاتێکدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە نێوانماندا بوو، نەماندەزانى حەجی ماڵئاوایی چییە، حەجی ماڵئاوایی ئەو حەجە بوو کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە ساڵی دەی کۆچی ئەنجامیدا، وماڵئاوایی لە خەڵکی کرد، وباسی مەسیحی دەججالی کرد، وزۆر وریایی وئاگاداری دا سەبارەت بە فیتنە وتاقیکردنەوەکانى، پاشان باسی ئەوەى کرد کە هەموو پێغەمبەران -علیهم الصلاة والسلام- قەومەکانیان لە دەججال ئاگادار کردووەتەوە، وایان لێیان دەکرد کە بترسن وباسی دەججال بە گەورە بزانن. ولە لاتان شاراوە نییە کە پەروەردگارتان کوێر نییە (چاوێکی کوێر) نییە، بەڵام دەججال کوێرە (چاوێکی کوێرە)، چاوی ڕاستی دەججال وەکو ترێیەکی دەرپۆقیوە. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: باسی حەرامی هەموو شتێکی مسوڵمانان کرد لەسەر یەکتر وەکو حەرامی ئەو ڕۆژ وشوێن ومانگە، پاشان داواى کرد کە مسوڵمانان شاهێدی بۆ بدەن بەوەى پەیامەکەى خودای گەیاندووە، ومسوڵمانانیش ووتیان: بەڵێ، گەیاندووتە، پاشان فەرمووی: خودایە شاهێد بە، سێ جار. لە کۆتاییدا فەرمانى پێکردن لە پاش کۆچی دوایی ئەو وەکو کافرەکان دەست نەکەن بە یەکتر کوژی.
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەموو پێغەمبەرێک ئومەتەکەى ئاگادار کردووەتەوە لە چاوکوێرە درۆزنەکە، ئەو چاوێکی کوێرە، وپەروەردگارتان چاوێکی کوێر نیە، ولە نێوچاوانی نووسراوە ک ف ر ».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریهەموو پێغەمبەرێک خواى گەورە ناردوویەتی ئومەتەکەى ئاگادار کردووەتەوە لە مەسیحی دەججال؛ چونکە دەیانزانی دەردەچێت وفیتنەکەی چەندێک مەزنە، وهەندێک لە سیفاتەکانى دەججالیان ڕوونکردوەتەوە، لەم فەرموودەیەدا هاتووە کە چاوێکی کوێرە، وخواى گەورە بەزرترە لەم سیفەتی کەموکورتیە -سبحانه وتعالى-، وهەروەها لە سیفاتەکانى دەججال ئەوەیە نێوان چاوانی نووسراوە ک ف ر.
لە حوزەیفەی کوڕی یەمان وئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە خەڵکی کۆ دەکاتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، ئیمانداران هەڵدەستن هەتا بەهەشت لێیان نزیک دەکرێتەوە، دێن بۆ لای ئادەم -علیه السلام- دەڵێن: ئەی باوکمان داواى کردنەوەى دەرگای بەهەشتمان بۆ بکە، ئادەم دەڵێت: هیچ شتێک ئێوەی لە بەهەشت دەرکرد مەگەر گوناهەکەى باوکتان نەبێت؟ من ناتوانم ئەو داوایە بکەم، بچن بۆ لای ئیبراهیمی کوڕم -علیه السلام- خەلیلی الله، خەڵکی دەچن بۆ لای ئیبراهیم، وئیبراهیم دەڵێت: من ناتوانم ئەو داوایەتان بۆ بکەم من خەلیل بووم بەڵام پلەم لە دوای پلەی ئەوانی ترەوەیە، بڕۆن بۆ لای موسا کە خواى گەورە بە ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ کرد، خەڵکی دەچن بۆ لای موسا -علیه السلام-، بەڵام موسا دەڵێت: من ناتوانم ئەو داوایەتان بۆ بکەم، بچن بۆ لای عیسا -علیه السلام- ئەو (وشە وڕۆحی الله)* یە، عیسا دەڵێت: من ناتوانم ئەو داوایەتان بۆ بکەم، بچن بۆ لای موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- بۆیە هەڵدەستێت وئیزن ومۆڵەتی پێدەدرێت، سپاردە (متمانە) و ڕەحم (پەیوەندی خزمایەتی) دەنێردرێن بۆ ئەوەى لە لای ڕاست وچەپی (پردی سیرات) بووەستن، کۆمەڵەی یەکەم لە ئێوە بەسەریدا تێپەڕ دەبن وەکو بروسکە» گێڕەرەوی فەرموودەکە دەڵێت: باوک ودایکم بە قوربانت بێت، تێپەڕ بوون لەسەر (پردی سیرات) وەکو بروسکە وەکو چی وایە؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا نەتبینیوە بروسکە چۆن دێت ونامێنێت لە چاو تروکانێکدا، پاشان کۆمەڵێکی تر وەکو خێرایی با دەپەڕنەوە، پاشان کۆمەڵێکی تر وەکو خێرایی باڵندە دەپەڕنەوە، پاشان کۆمەڵێکی تر بە ڕاکردن کە کردەوەکانیان وایان لێدەکەن بەم شێوە تێپەڕ ببن. وپێغەمبەرەکەتان -صلى اللە علیە وسلم- لەسەر (پردی سیرات) ڕاوەستاوە دەڵێت: (ئەی پەروەردگار ڕزگارمان بکە وبمانپارێزە، ڕزگارمان بکە وبمانپارێزە)! هەتا کردەوەکانى کۆمەڵێک ناتوانن یارمەتیدەریان بن بۆ پەڕینەوە، بۆیە پیاوی وا دێت لەسەر سکی تێپەڕ دەبێت، ولە هەردوو لاکانى (پردی سیرات) قولاپی هەڵواسراو هەیە، فەرمانیان پێکراوە بە گرتن وڕاکێشانی ئەوانەى فەرمانیان لەسەر دراوە بە ڕاکێشانیان (بۆ ناو دۆزەخ)، کەسی وا هەیە بە ئازار وبریندارییەوە ڕزگاری دەبێت، بەڵام کەسانی تر هەیە کە فڕێ دەدرێنە نێو دۆزەخ». ئەبوهورەیرە دەڵێت: «سوێند بە ئەو زاتەى نەفسی ئەبو هوریرەی بە دەستە، قوڵی دۆزەخ حەفتا ساڵە».
موسلیم گێڕاویەتیەوەخواى گەورە خەڵکی کۆدەکاتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ لێپرسینەوە وپاداشتدانەوە بۆیە ئیمانداران هەڵدەستن هەتا بەهەشت لێیان نزیک دەکرێتەوە، ودەرگای بەهەشتیان بۆ ناکرێتەوە بەهۆی زۆری ماوەى وەستان لە رۆژی قیامەتدا، خەڵکی دەچن بۆ لای ئادەم -علیه السلام- بۆ ئەوەى داوا لە خودا بکات بۆ ئەوەى دەرگاکانى بەهەشت بکرێتەوە، پێغەمبەر ئادەم وەڵامیان دەداتەوە بەوەى ئەو ناتوانێت ئەو داوایە بکات؛ چونکە ئەو گوناهێکی کردووە کە هۆکاری دەرچوونی هەموویان بوو لە بەهەشت، دەیاننێرێت بۆ لای پێغەمبەر ئیبراهیم -علیه السلام-؛ چونکە خەلیلی خودایە وخەلیلی واتە ئەوپەڕی پلەی خۆشەویستی، بۆیە خەڵکی دەچن بۆ لای ئیبراهیم پێیان دەڵێت: من ئەو پلە بەرزەم نیە کە ئەو داوایە بکەم (ئەمیش وەکو دەربڕینی سادەیی -تواضع-) لە لایەن پێغەمبەر ئیبراهیمەوە -علیه السلام- ودەڵێت: بچن بۆ لای موسا؛ چونکە خواى گەورە بە ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ ئەو کرد، بۆیە خەڵکی دەچن بۆ لای پێغەمبەر موسا -علیه السلام- پێیان دەڵێت: من ناتوانم ئەو داوایەتان بۆ بکەم، بچن بۆ لای عیسا؛ چونکە خواى گەورە بە وشەیەک ئەوی دروستکرد، (کلمة الله و روح الله)* یە، خەڵکی دەچن بۆ لای پێغەمبەر عیسا -علیه السلام- پێیان دەڵێت: من ناتوانم ئەو داوایەتان بۆ بکەم، بۆیە دەچن بۆ لای پێغەمبەرمان موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- وداواى لێدەکەن کە داوا لە خودا بکات کە لێپرسینەوەیان بەرپا بکات ودەرگای بەهەشتیان بۆ بکاتەوە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- داواکەیان جێبەجێدەکات وداواى ئیزن وەرگرتن دەکات وئیزنی پێدەدرێت، بۆیە [سپاردە (متمانە) و ڕەحم (پەیوەندی خزمایەتی)] دێن لە هەردوو لای (پردی سیرات) ڕادەوەستن، کە ئەمیش پردێکی لەسەر دۆزەخ دانراوە. وخەڵکی بەسەریدا تێپەڕ دەبن بە گوێرەی کردەوەکانیان. ئەوانەى لەم دونیایەدا بە خێرا بوون بۆ ئەنجامدانى کردەوەی چاکە بە خێرایی بەسەریدا تێپەڕ دەبن وبە پێچەوانەشەوە. هەندێک ڕزگاریان دەبێت وهەندێک تر دەکەونە ناو دۆزەخەوە. حەفتا ساڵ دەخایەنێت هەتا بگەیتە قوڵی بنی دۆزەخ، خواى گەورە هەموومان بپارێزێت. *(مەبەست لە -کلمة الله- واتا وشەی خودایە، و -روح الله- واتا ڕۆحێکە لە لایەن خوداوە، کە خواى گەورە بە وشەیەک ڕۆحی دروستکرد لە ناو سکی مەریەمدا -علیها السلام-، بۆیە وەکو ڕێزلێگرتنێک بۆی نازناوى -کلمة الله و روح الله-ی پێبەخشراوە، وهەروەکو مرۆڤەکانى ترە بەڵام بە بێ باوک لە دایک بووە وئەمە هیچ ماناى ئەوە نییە کە کوڕی خودایە پەنا بە خودای بێ شەریک وبێ هاوتا، هەروەکو بانگەشەی نەسڕانیە موشریکەکان هەندێکیان بەهۆی ئەوەى باوکی نەبووە بە عیسا دەڵێن: (کوڕی خودایە) ئەگەر وا بێت خۆ ئادەم -علیه السلام- بە بێ باوک وبە بێ دایک خواى گەورە بە دەستەکانى خۆی دروستی کرد، ئایا بۆ بە ئەو ناڵێن کوڕی خودا؟ تەنها بانگەشەیەکی پوچ وبێ بنەمایە لە لایەن نەسڕانیەکان وهاوشێوەکانیانەوە لە موشکریکەکان لەوانەى بانگەشەی بوونی کوڕ دەکەن بۆ خواى گەورە، بەڵکو ئەمە ئەوپەڕی کوفر وشیرک ودەرچوونە لە ڕێبازی ڕاستی یەک خوا پەرستی -تەوحید-)
لە ئەبی واقیدی لەیسیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- كاتێك دەرچوو بەرەو حونەین؛ تێپەڕ بوو بەلای دارێك پێی دەووترا (زات ئەنوات:ذات أنواط)، كە شاوبەش پەیدا کاران چەکەکانیان پیادا هەڵدەواسی، وموسوڵمانان وتیان: ئەی پێغەمبەری خودا، بۆ ئێمەش دارێکی (ذات أنواط) دابنێ؛ هەروەکو ئەوان، پێغەمبەریش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «سبحان الله! ئەمە ئەوەیە كە قەومی موسا ووتیان: {اجْعَل لَّنَا إِلَٰهًا كَمَا لَهُمْ آلِهَةٌ} [البقرة: 138]، واته: {ئەی موسا تۆیش خوایەك بۆ ئێمە بڕیار بدە وبتێكمان بۆ دابنێ لەسەر شێوەی گوێرەكەیەك هەروەكو چۆن ئەو قەومە بتیان هەیە ودەیپەرستن با ئێمەش بیپەرستین}، سوێند بە ئەوەی نەفسی منی بەدەستە ؛ شوێنی ڕێبازی ئەوانەى پێش خۆتان دەکەون».
(الترمذي وأحمد) ڕیوایەتیان كردووەپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- كاتێك دەرچوو بەرەو حونەین -كە دۆڵێكە لەنێوان تائیف ومەككە- ؛ هەندێك لە هاوەڵانی لەگەڵدا بوو كە تازە هاتبوونە نێو ئیسلامەوە، تێپەڕبوون بەلای دارێك پێی دەووترا (زات ئەنوات:ذات أنواط)، واتا ئەو دارەی شتەكانی پێوە هەڵدەواسرێت، موشریكەكان بەگەورەیان دادەنا وچەك وشتی تریان پێوە هەڵدەواسی ؛ ئەمیش بۆ داواكردنی پیرۆزی وبەرەكەت لێی، هەندێك لە هاوەڵان داوایان لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كرد وەكو ئەوان دارێكیان بۆ دەستنیشان بكات ؛ بۆئەوەی چەكەكانیانی پێوە هەڵبواسن بۆ داواكردنی بەرەكەت، چونكە پێیان وابوو ئەو كارە دروستە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: سبحان الله ! ئەمیش وەكو نكۆڵی كردنێك لەم قسەیە، وبۆ بەمەزندانانی الله، وپێیانی ووتن كە ئەم قسەیە وەكو قسەی قەومی موسایە كە ووتیان: {اجْعَل لَّنَا إِلَٰهًا كَمَا لَهُمْ آلِهَةٌ} [البقرة: 138]، واته: {ئەی موسا تۆیش خوایەك بۆ ئێمە بڕیار بدە وبتێكمان بۆ دابنێ لەسەر شێوەی گوێرەكەیەك هەروەكو چۆن ئەو قەومە بتیان هەیە ودەیپەرستن با ئێمەش بیپەرستین}، كاتێك قەومی موسا بینیان كەسانێك بت دەپەرستن ؛ داوایان كرد لە موسا وەكو ئەو موشریكانە بتیان هەبێت، ئەم قسەیە شوێنكەوتنی ڕێگای ئەوانە، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیكردەوە كە ئەم ئومەتە شوێنی ڕێگای جولەكە وگاوڕەكان دەكەوێت و وەكو ئەوان كردەوە دەكەن، وهۆشداری كردنەوە لە تووشبوون بە ئەم کارە.
لە ئیبن عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، قسەی لەگەڵدا كرد سەبارەت بە هەندێك شت، ووتی: (الله ویستی لەسەر بێت وتۆ ویستت لەسەر بێت)، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا منت کردە هاوتا وهاوبەشی خواى گەورە؟ بڵێ: (تەنها ویستی الله ی لەسەر بێت)».
(ابن ماجه والنسائي -له الكبری- وأحمد) ڕیوایەتیان كردووەپیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بە بابەتێك قسەی لەگەڵدا كرد، ووتی: (الله ویستی لەسەر بێت وتۆ ویستت لەسەر بێت)، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نكۆڵی لێكرد لەسەر ئەم قسەیە، وپێی فەرموو كە باسكردنی ویستی خوڵقێنراو لەگەڵ ویستی الله بە پیتی (و) شیركی بچووكە، ونابێت مسوڵمان ئەمە بڵێت، پاشان ڕێنموێنی كرد بۆ قسەی ڕاست وهەق ئەویش ئەوەیە بووترێت: (تەنها ویستی الله ی لەسەر بێت)، كە بەتاكدانانی الله یە لە ویستیدا، نابێت ویستی الله باس بكرێت لەگەڵ ویستی یەكێكی تر بە بەكارهێنانی پیتی (و) ؛ چونكە ئەم ئامرازە بۆ هاوئاستی ویەكسانی بەكاردێت، و بەكارهێنانی هەر جۆرە دەستەواژەیەكی تر كە هەمان ئەم مانایەی هەبێت ؛ نەهی لێكراوە.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێـت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هاتە ژوورەوە بۆ لام، ومن دۆڵابێكم بە پەردەیەك داپۆشی بوو ؛ كە وێنەی لەسەر كێشرا بوو، كاتێك بینی پچڕانی وڕەنگی گۆڕا، وفەرمووی: «ئەی عائیشە، توندترین ئازاردان لەلای خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا ؛ لەسەر ئەوانەیە کە خۆیان دەچوێنن بە الله لە خوڵقاندندا»، عائیشە دەڵێت: «دڕیمان وكردمان بە سەرینێك یان دووان».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- چووە نێو ماڵەكەی بۆ لای عائیشە، دۆڵابێكی بچووكی هەبوو كە هەندێك شتومەكی تێدا دادەنا؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بینی بە قوماشێك ئەم دۆڵابەی داپۆشیووە كە وێنەی ڕۆح لەبەری لەسەرە، بەهۆی توڕەبوونی لەپێناو الله ؛ ڕەنگی گۆڕا ولایبرد، وفەرمووی: توندترین ئازاردان لەلای خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا ؛ لەسەر ئەوانەیە کە خۆیان دەچوێنن بە الله لە خوڵقاندندا. عائیشە دەڵێـت: بۆیە ئێمە كردمان بە سەرینێك یان دووان.