





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی خوای گەورە خێری بۆی بوێت؛ ئەوا تووشی تاقیکردنەوە وناخۆشی دەکات».
(البخاري) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەکات ئەگەر خواى گەورە خێری بوێت بۆ یەکێک لە بەندە ئیماندارەکانى ئەوا تووشی تاقیکردنەوەى دەکات لە نەفس وماڵ وخێزانیدا، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەى بەندە هانا وپەنا ببات بۆ الله بە نزاکردن، وهۆکارە بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکان، وبەرزبوونەوەى پلەکان.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «واز لە پرسیارکردن بهێنن سەبارەت بە ئەو شتانەى کە فەرمانم پێنەکردوون یان نەهیم لێ نەکردوون، ئەوەی بووە هۆی تیاچوونی خەڵكانی پێش ئێوە ؛ زۆر پرسیار کردن وناکۆکیان بوو بەرامبەر پێغەمبەرانیان، ئەگەر نەهیم لێکردن لە شتێک ئەوا خۆتانی لێ بە دوور بگرن، وئەگەر فەرمانم پێکردن بە شتێك ئەوا ئەنجامی بدەن بەپێی تواناتان».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- حوكمە شەرعیەكانی باسكرد ودابەشی کردن بۆ سێ جۆر: ئەوەی بێدەنگی هاتووە سەبارەتی، وئەوەی نەهی لێكراوە، وئەوەی فەرمانیپێكراوە. یەكەم: ئەوەی شەریعەت سەبارەتی بێدەنگ بووە: بەشێوەیەك حوكمەكەی نازانرێت، وبنچینە لە شتەکان ئەوەیە واجب نییە؛ لە سەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- واجب بوو پرسیار نەكرێت سەبارەت بەو شتانەی ڕوویان نەداوە یان حوكم سەبارەتیان دانەبەزیوە ؛ لەترسی ئەوەی نەوەك واجب یان حەرام بكرێت، وخوای گەورە حوكمەكەیانی باس نەكردووە وەكو ڕەحمەتێك بەرامبەر بەندەكانی، بەڵام لە پاش مردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیار كردن لە ڕوانگەی فەتوا وەرگرتنەوە یان فێربوون بۆ ئەوانەی پێویستیانە لە بابەتەكانی ئاین ؛ ڕێگەپێدراوە وبەڵکو فەرمانیپێكراوە، بەڵام ئەگەر لەڕوانگەی زێدەڕۆیی وهێنانی ناڕەحەتی بێت ؛ بەهۆی ئەم هۆكارەوە لە فەرموودەكەدا فەرمانكراوە بە پرسیار نەكردن، چونكە لەوەیە ببێتە هۆی ڕودانی ئەوەی بەسەر نەوەكانی ئیسرائیلدا ڕوویدا، كاتێك فەرمانیان پێكرا مانگایەك سەرببڕن ؛ ئەگەر هەر مانگایەكیان سەرببڕیایە ئەوا فەرمانەكەیان جێبەجێكردبوو، بەڵام ئەوان توندڕەوییان كرد بۆیە توندی وناڕەحەتی هێنرایە سەریان. دووەم: نەهی لێكراوەكان ؛ ئەو شتانەیە هەركەسێك لێی دوور بكەوێتەوە (ئەنجامی نەدات) ؛ پاداشت دەدرێتەوە، ئەوەی بیكات سزا دەدرێت، بۆیە واجبە لەسەر مسوڵمان لە هەموو حەرامێك دوور بكەوێتەوە. سێیەم: فەرمانپێكراوەكان (واجبەكان) ؛ ئەمیش ئەو شتە دەگرێتەوە كە بكەرەكەی پاداشت دەدرێتەوە، وئەوەی ئەنجامی نەدات ؛ سزا دەدرێت، بۆیە واجبە مسوڵمان بەپێی توانا ئەنجامی بدات.
لە عبداللەی کوڕی عەباسەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە پەروەردگارییەوە دەیگێڕێتەوە کە پەروەردگار دەفەرموێت: «خوای گەورە چاکەکان وخراپەکانی نووسی پاشان ڕوونی کردەوە، ئەوەی مەبەستی بوو چاکەیەک ئەنجام بدات بەڵام ئەنجامی نەدا؛ ئەوا خوای گەورە یەک چاکەی تەواوی بۆ دەنووسێت، وئەوەی مەبەستی بوو چاکەکە ئەنجام بدات وئەنجامی دا؛ ئەوا خوای گەورە دە چاکەی بۆ دەنووسێت هەتا حەوت سەد چاکە وهەتا زیاتر لەم ڕێژەیە بەچەند قات، وئەگەر کەسێک مەبەستی ئەنجامدانى خراپەیەک بوو بەڵام ئەنجامی نەدا؛ ئەوا خوای گەورە چاکەیەکی تەواوی بۆ دەنووسێت، بەڵام ئەگەر مەبەستی ئەنجامدانى خراپەیەک بوو وئەنجامی دا؛ ئەوا خوای گەورە یەک خراپەی بۆ دەنووسێت».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە خواى گەورە بڕیاری قەدەری دا لەسەر چاکە وخراپە پاشان چۆنیەتی نووسینیانی ڕوونکردەوە بۆ ئەو دوو فریشتەی سپێردراوی نوسینی کردەوەی خەڵکین هەرکەسێک مەبەست و خواستی لەسەر کردنی چاکەیەک بێت ونەیکات ؛ یەک چاکەى بۆ دەنووسرێت، وئەگەر بیکات بە دە هێندە بۆی دەنووسرێت هەتاوەکو حەوت سەد هێندە وزیاتریش، و زیادکردنەکە بەپێی ئەوەى لەدڵی بەندەدایە لە دڵسۆزی وسوود گەیاندن وهتد. وهەرکەسێک مەبەست و خواستی لەسەر کردنی خراپەیەک بێت ونەیکات لەپێناو خواى گەورە؛ چاکەیەکی بۆ دەنووسرێت، وە ئەگەر نەیکات بەهۆی نەبونی دەرفەتێک؛ ئەوا هیچی بۆ نانووسرێت، وئەگەر نەیکات بەهۆی بێ تواناییەوە بەڵام نیەتی وابوو کە بیکات ؛ ئەوا نیەتەکەى لەسەری دەنووسرێت، وئەگەر خراپەکە بکات ؛ یەک خراپەى لەسەر دەنووسرێت.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خوای گەورە سەیری شێوە و سەروەت وسامانتان ناکات، بەڵکو سەیری دڵ وکردەوەکانتان دەکات».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە خواى گەورە -سبحانه وتعالى- سەیری شێوە ولاشەی بەندەکانی ناکات، ئایا جوانن یان ناشیرینن؟ ئایا گەورەن یان بچووکن؟ ئایا ساغن یان نەخۆشن؟ وسەیری پارە وسامانیان ناکات، ئایا زۆرە یان کەمە؟ خواى گەورە -عز وجل- لە بەندەکانى ناپرسێتەوە لەسەر ئەم شتانە، بەڵکو سەیری دڵەکانیان دەکات وئەوەى تێیدایە لە تەقواداری ویەقین، وڕاستگۆیی ودڵسۆزی، یان مەبەستی ڕیا وناوبانگ، وسەیری کردەوەکانیان دەکات لەڕوانگەى چاکی ونەشیاوی ؛ و لەسەر ئەمە پاداشتیان دەداتەوە.
لە عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «کاتێک دانیشتبووین لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پیاوێک دەرکەوت وهاتە لامان، جلەکەی زۆر سپی وقژی زۆر ڕەش بوو بەشێوازێک وەک کەسی موسافیر دەرنەدەکەوت وکەسیش لە ئێمە نەی دەناسی هات دانیشت لە بەردەم پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەژنۆی چوتکرد بە ئەژنۆی ڕەسول الله وە ودەستەکانی لە سەر قاچەکانى دانا، و ووتی: ئەی موحەمەد ئیسلام چییە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئیسلام بریتیە لەوەى شاهێدی بدەیت بە (لا إله إلا الله ومحمداً رسول الله)، ونوێژ ئەنجام بدەیت وزەکات بدەیت وڕۆژووی ڕەمەزان بگریت وحەج بکەیت بۆ ماڵی خودا ئەگەر توانیت»، ووتی: ڕاست دەکەیت، (عومەر) دەڵێت: سەیر بوو بە لامانەوە، پرسیاری لێدەکرد ودەیووت ڕاست دەکەیت. پاشان پیاوەکە ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە ئیمان؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئیمان ئەوەیە باوەڕ بهێنیت بە خودا وفریشتەکانی وکتێبەکانی وپێغەمبەرانی وڕۆژی دوایی، وباوەڕت هەبێت بە قەدەر بە خێر وشەڕی»، ووتی: ڕاست دەکەیت، هەواڵم پێبدە سەبارەت بە ئیحسان (پلەی چاکەکاری لە پەرستندا)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «خودا بپەرستیت وەکو ئەوە وابێت کە بیبینیت، هەرچەندە تۆ ئەو نابینیت بەڵام ئەو تۆ دەبینێت»، ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە کاتی ڕوودانی قیامەت (الساعة)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوەی پرسیاری لێکراوە زاناتر نیە لەو کەسەی پرسیار دەکات»، ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە نیشانەکانی هاتنی قیامەت؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «(أنْ تلِدَ الأَمَةُ ربَّتَها) واتە: منداڵەکان ببن بە گەورە وسەردار بە سەر بەخێوکارەکانیانەوە ، وببینیت کە کەسانی پێ پەتی وڕووت وهەژار وشوان بینای بەرز دروست دەکەن»، پاشان پیاوەکە چوو، وعومەر دەڵێت: بۆ ماوەیەک ماینەوە پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەی عومەر دەزانیت ئەوە کێ بوو پرسیاری دەکرد؟»، ووتم: خودا وپێغەمبەرەکەی دەزانن، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوە جبریل بوو هات بۆ ئەوەی ئاینەکەتان فێر بکات».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەعومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە جبریل -علیه السلام- هات بۆ لای هاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- لەسەر وێنەی پیاوێکی نەناسراو لە کاتێکدا کە ئەوان دانیشتبوون لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، لە سیفەتەکانى: شێوەى جبریل زۆر سپی بوو وقژێکی ڕەشی هەبوو، وشوێنەواری سەفەرکردنی پێوە دیار نەبوو لە خۆڵ وتۆز، وتێکچوونی قژ وڕیش، وپیسبوونی جل، وهیچ یەکێک لەوانەى دانیشتبوون نەیانناسی، دانیشت لە بەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەکو دانیشتنی کەسێک بیەوێت فێر بێت وداوای ڕێنمایی بکات، پرسیاری ئیسلامی لێکرد، وەڵامی دایەوە بەم پایانە کە داننان بە دوو شاهێدیەکەى لە خۆگرتووە، وپارێزگاری لە نوێژەکان، ودانی زەکات بۆ ئەوانەی شایستەن، وڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان بە نیەتێکی ڕاستگۆوە، وبەجێهێنانی فەریزەی حەج بۆ ئەو کەسانەی کە دەتوانن. پرسیارکار -جبریل- ووتی: ڕاست دەکەیت، وهاوەڵان پێیان سەیر بوو کە پرسیار دەکات و وادیارە سەبارەت بە باسەکان نازانێت بەڵام دەڵێت: ڕاست دەکەیت، پاشان پرسیاری ئیمانی لێکرد، وەڵامی دایەوە بەم شەش پایە: باوەڕ بەبوونی خوای گەورە وسیفەتەکانى، و بەتاکدانانى لە کردەوەکانى وەکو خوڵقاندن، و بەتاکدانانى لە پەرستنیدا، و بەتاکدانانى لە ناو وسیفەتەکانیدا، وباوەڕ بە ئەو فریشتانەی خوای گەورە دروستی کردوون بەندەی چاک وبەڕێزن وهەرگیز سەرپێچی فەرمانەکانی خودا ناکەن، وباوەڕهێنان بە کتێبە دابەزێنراوەکان بۆ پێغەمبەران لەلایەن خوداوە؛ وەکو قورئان وئینجیل وتەورات وزەبور وهتد، وباوەڕهێنان بە هەموو پێغەمبەران کە دینی خودایان گەیاندووە؛ وەکو نوح وئیبراهیم وموسا وعیسا وکۆتایان موحەممەدە -علیهم الصلاة والسلام- وپێغەمبەرانی تر، وباوەڕهێنان بە ڕۆژی دوایی -قیامەت-، کە باوەڕ بە پاش مردن ؛ گۆڕ وژیانی بەرزەخیش دەگرێتەوە، ومرۆڤ پاش مردنی زیندوو دەکرێتەوە ولێپرسینەوەی لە گەڵدا دەکرێت، وچارەنووسی بەرەو دۆزەخ یان بەهەشت دەبێت، وباوەڕ بەوەى خواى گەورە بەپێی زانستی پێشووی وحیکمەتی قەدەری هەموو شتێکی نووسیوە، و ویستی لە ڕودانیان هەیە و خوڵقاندونی، وڕوودانیان بەو شێوەیە کە لەقەدەردا هاتووە. پاشان پرسیاری دەربارەی ئیحسان کرد، وسەروەرمان جوابی دایەوە وفەرمووی: ئیحسان واتە الله بپەرستیت وەک ئەوەی کە دەی بینیت خۆ ئەگەر بەندە الله نەبینێت ئەوا الله پێگومان بەندەکان دەبینێت پاشان پرسیاری لێکرد: کەی قیامەتە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی کردەوە کە زانیاری سەبارەت بە قیامەت لای هیچ یەکێک لە دروستکراوەکان نیە؛ نە پرسیارلێکراو و نە پرسیارکار، وتەنها الله زانستی سەبارەتی هەیە. پاشان پرسیاری لێکرد سەبارەت بە نیشانەکانی نزیکبوونەوەى قیامەت؟ ڕوونیکردەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە لە نیشانەکانی قیامەت ئەوەیە ئەو ئافرەتانەی لە جەنگدا دەگیرێن ودەکرێن بە سەراری ومنداڵەکانیان زۆر دەبن وئەم منداڵانە دەبنە پادشا وفەرمانڕەوا، یان بە واتای ئەوە دێت کە خراپەکاری منداڵ بەرامبەر دایک وباوک زۆر دەبێت کە وەکو کەنیزەک مامەڵەیان لە گەڵ دەکەن، وئەوانەی شوانێتی دەکەن وهەژارن لە کۆتایی دونیادا ماڵ وپارەیان زۆر دەبێت ودونیا دەڕژێتە سەریان بۆیە شانازی دەکەن بە ڕازاندنەوەی بیناکان وبەرزکردنەوەیان. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەیکرد کە پرسیارکار جبریل بوو-علیه السلام- هات بۆئەوەى ئەم ئاینە پاک وبێگەردە فێری هاوەڵان بکات -ڕەزاى خوایان لێبێت-.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی کردەوەیەک (پەرستنێک) دابهێنێت لەم ئاینەی ئێمە کە (لە بنەڕەتدا) تێیدا نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوە (داهێنراوە) ڕەت دەکرێتەوە» [متفق علیه]. ولە [مسلم]دا دەفەرموێت: «ھەرکەسێک کردەوەیەک بکات کە لە دینی ئێمە نەبێت؛ ئەوا ئەو کردەوەیە وەرناگیرێت وڕەت دەکرێتەوە».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە هەركەسێك شتێك یان كردەوەیەك دابهێنێت لە ئایندا كە هیچ بەڵگەیەكی قوئان وسونەتی لەسەر نەبێت ؛ ئەوا ئەو شتە یان كردەوەیە ڕەت دەكرێتەوە وخوای گەورە قبوڵی ناكات لە بكەرەكەی.
له ئەبو زەرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پەروەردگارییەوە دەیگێڕێتەوە کە پەروەردگار -سبحانه وتعالی- دەفەرموێت : «ئەی بەندەکانم، من ستەمم لە سەر نەفسی خۆم حەرامکردووە، ولەنێوان ئێوەشدا بەحەڕامم داناوە، بۆیە ستەم لە یەکتری مەکەن، ئەی بەندەکانم، هەمووتان گومڕان جگە لە ئەوانە نەبێت کە من هیدایەتم داون بۆیە داوای هیدایەت لە من بکەن؛ هیدایەتتان دەدەم. ئەی بەندەكانم، هەمووتان برسین جگه لە ئەوانەی من تێرم كردوون، بۆیه داوای ڕزق له من بكەن؛ ڕزقتان دەدەم، ئەی بەندەكانم، هەمووتان ڕووتن وعەیبە وکەموکورتیتان دیارە جگه له ئەوانه نەبێت كه من پۆشیومن، بۆیه داوای پۆشین له من بكەن؛ دەتان پۆشم. ئەی بەندەكانم، ئێوه به شەو وڕۆژ گوناهـ وتاوان دەکەن، ومن له هەموو تاوانەکان خۆش دەبم، بۆیه داوای لێخۆشبوون له من بكەن؛ لێتان خۆش دەبم. ئەی بەندەکانم، ئەگەر له یەکەم کەسەوە بۆ دواین كەس له ئێوه به مرۆڤ وجنۆكەوه له سەر دڵی تەقوادارترین كەسی ئێوه بن، ئەوا ئەمە هیچ له موڵكی من زیاد ناكات. ئەی بەندەكانم، ئەگەر له یەکەم کەسەوە بۆ دواین كەس له ئێوه بە مرۆڤ وجنۆكەوه له سەر دڵی خراپەكارترین كەسی ئێوه بن، ئەوا ئەمه هیچ له موڵکی من كەم ناكات، ئەی بەندەكانم، ئەگەر له یەكەم كەسەوه بۆ دواین كەس له ئێوه بە مرۆڤ وجنۆكەوه به هەمووتانەوه له یەك شوێن بووەستن و داوا له من بكەن، ئەوا من داواكاری هەمووی جێبەجێ دەكەم ئەوەنده له موڵكی من كەم دەكات هەروەكو چۆن دەرزییەک لە ئاوی دەریا كەم دەكاتەوه كاتێك دەخرێته ناو دەریاکە ودەهێندرێتە دەرەوه، ئەی بەندەكانم، ئەوە تەنها کردەوەکانتانە من بۆتان دەبژێرم، وپاشان پاداشتتان دەدەمەوە (به چاكه وخراپه)، جا بۆیه ئەوەی خێر وخۆشی بینی؛ ئەوا با سوپاس وحەمدی خودا بكات، وئەوەش جگه له ئەوەی بینی؛ ئەوا با تەنها لۆمەی نەفسی خۆی بكات».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕونی دەکاتەوە کە خواى گەورە -سبحانە وتعالى- ستەمی حەرام کردووە لەسەر نەفسی خۆی، وهەروەها ستەمی حەرامکردووە لەنێوان خوڵقێنراوەکانى ؛ بۆیە نابێت هیچ یەکێک ستەم لەئەوی تر بکات، وبەندەکان هەموویان گومڕان لە ڕێگای هەق وڕاستی مەگەر بەهیدایەت وسەرخستنی خواى گەورە، وئەوەى لە خواى گەورە بپاڕێتەوە ؛ سەرکەوتووی دەکات وهیدایەتی دەدات، وبەندەکان هەموویان هەژارن بۆ لای الله وپێویستیان بە ئەو زاتەیە لە هەموو پێداویستیەکانیاندا، وئەوەى داوا لە خواى گەورە بکات ؛ پێویستیەکەى بۆ جێبەجێ دەکات. وئەوان بە شەو وڕۆژ تاوان دەکەن، وخواى گەورە دایان دەپۆشێت ولێیان خۆشدەبێت ئەگەر بەندە داواى لێخۆشبوون بکات، وئەوان ناتوانن هیچ سوود وزیانێک بگەیەنن بە خواى گەورە، وئەگەر هەموویان لەسەر ڵی تەقوادارترین بن ؛ ئەم تەقوایە هیچ شتێک بۆ موڵکی الله زیاد ناکات، وئەگەر هەموویان لەسەر دڵی تاوانبارترین بن ؛ ئەمە هیچ شتێک لە موڵکی الله کەم ناکات، چونکە هەموویان هەژارن بۆ لای الله، وپێویستیان بە ئەو زاتەیە لە هەموو حاڵ وشوێن وکاتێک، وئەو زاتە دەوڵەمەند وبێ پێویستە -سبحانە وتعالى-، وئەگەر هەموویان لە یەک شوێن بوەستن بەمرۆڤ وجنۆکەیانەوە، لەیەکەمەوە بۆ کۆتایان وداوا لە خواى گەورە بکەن ؛ ئەوا بەپێی داواکەیان بەهەموویان دەبەخشێت، وئەمە هیچ شتێک لە موڵکی خودا کەم ناکاتەوە ؛ هەروەکو چۆن دەرزی ئەگەر بخرێتە نێو دەریاوە ودەربکرێت هیچ شتێک لەئاوی دەریاکە کەم ناکاتەوە، ئەمیش کامڵی وتەواوى دەوڵەمەندی وبێ پێویستی ئەو زاتە مەزنەیە -سبحانە وتعالى-، وخواى گەورە کردەوەی بەندەکان دەبژێرێت ودەیپارێزێت، پاشان لەسەر کردنیان ؛ پاداشتیان دەداتەوە لەڕۆژی قیامەتدا، هەرکەسێک بەرامبەر کردەوەکانى خێر وچاکەى پێبەخشرا ؛ ئەوا با حەمد وستایشی پەروەرگاری بکات چونکە سەرکەوتووی کردن بۆ گوێڕایەڵیکردنی، وئەوەى بەرامبەر کردەوەکانى تووشی سزا بوو ؛ ئەوا با تەنها لۆمەى نەفسی خۆی بکات کە فەرمانیپێکرد بە خراپە وبەرەو شکست ودۆڕان بردی.
له ئیبن عەباسەوه -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: من ڕۆژێكيان بە سواری وڵاخێک له پشتی پێغەمبەرى خوا بووم -صلى اللە علیە وسلم- و بە منی فەرموو : «ئەی کوڕ (ئەی غوڵام)، هەندێک وشەت فێر دەکەم، سنوورەکانی شەریعەتی خودا بپارێزە؛ ئەوا خودا دەتپارێزێت، سنوورەکانی شەریعەتی خودا بپارێزە؛ ئەوا دەبینیت خودا لە پێشەوە لە گەڵ تۆدا دەبێت، ئەگەر داوات کرد؛ ئەوا تەنها داوا لە خودا بکە، وئەگەر داواى يارمەتی وپشتیوانیت كرد؛ ئەوا تەنها داواى يارمەتى وپشتیوانی له خودا بكه، وبزانه بەڕاستى ئەگەر هەموو ئوممەت كۆببنەوه بۆ ئەوەى به شتێك سوودت پێ بگەيەنن؛ ئەوا سوودت پێ ناگەيەنن تەنها بەو شته نەبێت كه خودا بۆتى نووسيووه، وئەگەر كۆببنەوه بۆ ئەوەى به شتێك زەرەر وزيانت پێ بگەيەنن؛ ئەوا زەرەر و زيانت پێ ناگەيەنن تەنها بەو شته نەبێت كه خودا لە سەرتى نووسيووه، قەڵەمەكانى نووسينى قەدەر هەڵگيراون وپەڕەكانيش وشك بوونەتەوه».
(الترمذي) ڕیوایەتی كردووەئیبن عەباس -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کاتێک منداڵ بوو لەپشتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو بەسواری وڵاخێک، -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: من هەندێک وشەت فێر دەکەم کە بەهۆیانەوە خواى گەورە سوودت پێدەگەیەنێت: فەرمانەکانى خودا بپارێزە وخۆت بەدوور بگرە لە نەهی لێکراوەکان، بەشێوەیەک تەنها لە عیبادەت وپەرستشدا ببینرێیت ولەتاوان وگوناحدا بونت نەبێت ، ئەگەر بەم شێوەیە بیت ئەوا پاداشتی تۆ ئەوەیە خودا دەت پارێزێت لە ناخۆشی وناڕەحەتیەکانى دونیا وقیامەت، وسەرت دەخات لە ئەرکەکانت لە هەرشوێنێک بیت. وئەگەر ویستت داواى شتێک بکەیت ؛ بەتەنها داوا لە الله بکە کە وەڵامی داواکاران دەداتەوە. وئەگەر ویستت داواى یارمەتی و بەهاناوە هاتن بکەیت ؛ ئەوا تەنها لە الله داواى بکە. ودڵنیابە لەوەى ئەگەر هەموو سەر زەوی كۆببنەوه بۆئەوەى سوودێکت پێبگەیەنن؛ ئەوا ناتوانن ئەو سوودە بە تۆ بگەیەنن مەگەر خوای گەورە ئەو سوودەى بۆ تۆ نووسیبێت، وهیچ زیانێک تووشت نابێت ئەگەرچیش هەموو خەڵکی سەر زەوی کۆ ببنەوە لەسەر زیانگەیاندن بە تۆ مەگەر خوای گەورە ئەو زیانەى لەسەر تۆ نووسیبێت. وئەمانە هەمووی خواى گەورە -عز وجل- نووسیویەتی لە قەدەردا بەپێی زانست وحیکمەتی، وئەوەى خودا نووسیویەتی ناگۆڕێت، ودەبێت چاک بزانین کە پەروەردگار هەرگیز ستەم لە بەندەکانی ناکات.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەموو ئومەتەکەم دەچنە بەهەشتەوە جگە لەو کەسەی سەرپێچی بکات ونەیەوێت». ووتیان: کێ هەیە سەرپێچی بکات ونەیەوێت؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوەی گوێڕایەڵی من بکات دەچێتە بەهەشتەوە، ئەوەی پێچەوانەی فەرمانەکانی من کردەوە بکات؛ ئەوا سەرپێچی کردووە ونایەوێت بچێتە بەهەشتەوە».
(البخاري) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە هەموو ئومەتەکەى دەچێتە بەهەشتەوە مەگەر ئەوانەى نەیانەوێت ! هاوەڵان -ڕەزاى خوایان لێبێت- ووتیان: ئایا کێ نایەوێت ئەی پێغەمبەری خودا ؟! وەڵامی دانەوە -صلى اللە علیە وسلم-: هەرکەسێک شوێنکەوتوو وگوێڕایەڵی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بێت ؛ دەچێتە بەهەشتەوە، وئەوەى سەرپێچی بکات وملکەچی شەریعەت نەبێت ئەوا نایەوێت بچێتە بەهەشتەوە بەهۆی کردەوە خراپەکانی.