





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە عبداللەی کوڕی عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ھەرکەسێک خۆی بە خەڵکانێک بچوێنێت؛ ئەوا بە یەکێک لە ئەوان دادەنرێت».
(أبو داود وأحمد) ڕیوایەتیان كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەکات هەرکەسێک خۆی بە خەڵکانێک بچوێنێت لە کافرەکان یان فاسقەکان یان چاکەکاران -بەوەى شتێک لە تایبەتمەندییەکانى ئەوان پەیڕەو بکات لە بیروباوەڕەکان یان پەرستنەکان یان نەریتەکان- ؛ ئەوا بە یەکێک لە ئەوان دادەنرێت، چونکە خۆچواندن پێیان دەبێتە هۆی خۆچواندن بەئەوان لەناخدا، وبێگومان خۆچواندن بەکەسانێک ئاماژەیە بۆ سەرسامبوون پێیان، ولەوەیە ببێـتە هۆی خۆشویستنیان و بەگەورەدانانیان و مەیل بۆیان ودۆستایەتی کردنیان، وئەمە سەرەنجام لەوەیە ببێتە هۆی خۆچواندن بەئەوان لەدڵ وپەرستندا -پەنا بە خواى گەورە-.
لە عبداللە کوڕی مەسعودەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: پرسیارم كرد لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- : ئایا چی تاوانێک گەورەترینە لەلای خوای گەورە؟ فەرمووی: «هاوبەش وهاوتا بۆ خوای گەورە بڕیار بدەیت لەکاتێکدا ئەو تۆی دروستکردووە»، ووتم: پاش ئەوە چی (واتە: چی تاوانێک گەورەترە)؟ فەرمووی: «منداڵەکەت بکوژیت لە ترسی ئەوەی لە خواردنەکەت دەخوات»، ووتم: پاش ئەوە چی؟ فەرمووی: «زینا بکەیت لەگەڵ هاوسەری دراوسێکەت».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێكرا سەبارەت بە گەورەترین تاوانەكان، فەرمووی: گەورەترین تاوان ؛ شیرك وهاوبەش بڕیاردانە بۆ الله، ئەمیش بریتیە لەوەی كەسێك یان شتێك بكەیتە هاوتا ویەكسان بە الله ؛ لە ئولوهیەتی -پەرستراوێتی- یان پەروەردگارێتی یان ناو وسیفەتەكانی، خوای گەورە لەم تاوانە خۆش نابێت مەگەر بە تەوبەكردن، وئەگەر بكەری ئەم تاوانە لەسەری بمرێت ئەوا بەهەتاهەتایی لەدۆزەخدا دەمێنێتەوە. پاشان تاوانی كوشتنی منداڵ لەترسی ئەوەی لە خواردنەكەی دەخوات، وبەشی خۆی نامێنێت، وكوشتنی هەر نەفسێك بەناهەق حەرامە ؛ بەڵام تاوانەكە گەورەترە ئەگەر بكوژ وكوژراو كەسوكاری یەكتر بن، وهەروەها تاوانەكە گەورەترە ئەگەر مەبەستی بكوژ ئەوە بێت ؛ كوژراو بەشدار دەبێت لەو ڕزقەی الله پێی بەخشیووە. پاشان زیناكردنی پیاو لەگەڵ هاوسەری دراوسێكەی ؛ ئەمیش لەڕێگای هەوڵدان بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئافرەتی دراوسێكەی هەتاوەكو زینای لەگەڵدا دەكات ودێتە ژێر ڕكێفیەوە. زینا كردن حەرامە، بەڵام تاوانەكەی گەورەترە ئەگەر زیناكردنەكە لەگەڵ هاوسەری دراوسێ بێت ؛ چونكە شەریعەت فەرمانیكردووە بە چاكەكاربوون وباش هاوەڵی دەرهەق بە دراوسێ.
لە ئەبی ئەیوبی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ڕەوا نییە بۆ هیچ مسوڵمانێک کە قسە دابڕێت لە گەڵ برای مسوڵمانی لە سەرووی سێ شەو، کاتێک بەیەک دەگەن؛ ئەم ڕوودەکات بەملاوە وئەویش ڕوودەکات بەولاوە، وچاکترینیان ئەوەیانە کە دەستپێشخەری دەکات بە سەلامکردن (لە کەسی بەرامبەری)»
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە دەنگدابڕین لەگەڵ مسوڵمان بۆ زیاتر لە سێ شەو، بەشێوەیەک هەریەکەیان بەئەوی تر دەگات وسەلامی لێناکات وقسەی لەگەڵدا ناکات. وباشترینیان ئەوەیە کە هەوڵدەدات ئەم دەنگدابڕانە نەهێڵێت، ومەبەست بەدەنگدابڕان لێرەدا ؛ ئەگەر بەهۆی شتی کەسیەوە بێت، بەڵام ئەگەر دەنگدابڕان بێت لەپێناو مافى خواى گەورە -سبحانە وتعالى- وەکو دەنگدابڕان -هەجرکردنی- تاوانبار وبیدعەچی وهاوڕێ خراپەکان؛ ئەمە هیچ کاتێکی دیاریکراوی نیە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی لەم دەنگدابڕانە، وئەگەر ئەم بەرژەوەندیە نەمێنێت ئەویش نامێنێت.
لە ئەبی صیرمەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوەی زیان بە مسوڵمانێک بگەیەنێت؛ ئەوا خوای گەورە زیان بە ئەو کەسە دەگەیەنێت، وئەوەی ناڕەحەتیەک بهێنێتە سەر مسوڵمانێک؛ ئەوا خوای گەورە ناڕەحەتی دەهێنیتە سەر ئەو کەسە».
(أبو داود والترمذي وابن ماجه وأحمد) ڕیوایەتیان كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداری داوە سەبارەت بە زیانگەیاندن بە مسوڵمان، یان تووشکردنی بەناڕەحەتی وبارگرانی لەنەفسی یان ماڵی یان خێزانی، وئەوەی ئەم کارانە بکات خواى گەورە هاوشێوەى کارەکەى خۆی سزای دەدات، وپاداشت هاوشێوەی کردەوەیە.
لە جەریری کوڕی عبداللەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: لەلای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بووین وسەیری مانگی کرد لە شەوی چواردەدا (شەوی بەدردا)، وفەرمووی: «ئێوە پەروەردگارتان دەبینن هەروەکو چۆن ئەم مانگە دەبینن، بۆ بینینی تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن، هەتا دەتوانن هیچ شتێک نەبێـتە ڕێگر لەئەنجامدانی نوێژ لە پێش دەرچوونی خۆر (نوێژی بەیانی) ولە پێش ئاوابوونی خۆر (نوێژی عەسر)؛ ئەوا ئەنجامیان بدەن». پاشان -ئەم ئایەتەی- خوێندەوە: «{وَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ الْغُرُوبِ} واتە: {و بەستایشی پەروەردگارت تەسبیحات بکە پێش ھەڵھاتنی خۆر وپێش ئاوا بوونیشی}».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریهاوەڵان لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوون لەشەوێكی مانگی چواردەدا ؛ -صلى اللە علیە وسلم- سەیری مانگەكەی كرد، وفەرمووی: ئیمانداران بەڕوونی وئاسانی وئاسوودەیی پەروەردگاریان دەبینن بە چاوەكانیان، وبۆ بینینی الله -سبحانه وتعالی- تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆ وماندووبوونێک نابن. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: هەتا دەتوانن ئەو ڕێگرانە مەهێڵن كە دەبنە هۆی بەربەست لە ئەنجامدانی نوێژی بەیانی ونوێژی عەسر، ئەو نوێژانە ئەنجام بدەن بەڕێك وپێكی وتەواوی لەگەڵ كۆمەڵدا، چونكە ئەمە هۆكارە بۆ بینینی خوای گەورە -عز وجل-. پاشان ئەم ئایەتەی خوێندەوە: {وَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ الْغُرُوبِ} واتە: {و بەستایشی پەروەردگارت تەسبیحات بکە پێش ھەڵھاتنی خۆر وپێش ئاوا بوونیشی}.
لە ئەبی موساوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خوای گەورە مۆڵەت دەدات بە کەسی زاڵم وستەمکار؛ بەڵام کە گرتی ئەوا بەری نادات وتۆڵەی لێدەسێنێتەوە». پاشان ئەم ئایەتەی خوێندەوە: «{ وَكَذَٰلِكَ أَخْذُ رَبِّكَ إِذَا أَخَذَ الْقُرَىٰ وَهِيَ ظَالِمَةٌ ۚ إِنَّ أَخْذَهُ أَلِيمٌ شَدِيدٌ } }[هود: 102] واتە: {ئا بەو شێوەیە سزادانی پەروەردگارت کاتێک خەڵکی شارەکان سزا دەدات لە کاتێکدا ستەمکاربوون بەڕاستی تۆڵەسەندنی ئەو ئازاردەر وبەتینە}».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداری دەدات سەبارەت بە زێدەڕۆیی کردن لە ستەم کردن بە تاوان وشیرک وستەمکردن لە خەڵکی بە پێشێل کردنی مافەکانیان، خواى گەورە مۆڵەت دەدات بە کەسی ستەمکار وسزای دوادەخات وتەمەنی درێژ دەکات وسامانى پێدەدات ودەستبەجێ سزای نادات؛ ئەگەر تەوبە نەکات ئەوا دەیگرێت وبەری نادات وتۆڵەى لێدەسێنێتەوە لەسەر ئەو ستەمە زۆرانەى کردوویەتی. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەم ئایەتەی خوێندەوە: {وَكَذَٰلِكَ أَخْذُ رَبِّكَ إِذَا أَخَذَ الْقُرَىٰ وَهِيَ ظَالِمَةٌ ۚ إِنَّ أَخْذَهُ أَلِيمٌ شَدِيدٌ} [هود: 102] واتە: {ئا بەو شێوەیە سزادانی پەروەردگارت کاتێک خەڵکی شارەکان سزا دەدات لە کاتێکدا ستەمکاربوون بەڕاستی تۆڵەسەندنی ئەو ئازاردەر وبەتینە}.
لە ئەبی هەیاجی ئەسەدیەوە دەڵێت: عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- پێمی ووت: «ئایا ڕەوانەت بکەم لە سەر ئەو ڕێنماییانەی کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- منی لەسەر ڕەوانە کرد؟ هەر پەیکەرێک یان وێنەیەکت^ بینی بیشکێنە وتێکی بدە، وهەر گۆڕێکی بەرزکراوە وڕازێندراوەت بینی تەختی بکە لەگەڵ زەویدا».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هاوەڵانی دەنارد بۆئەوەى هیچ پەیکەر وبت و وێنەى ڕۆح لەبەرێک ئەگەر بەرجەستکراو بێـت یان نا ؛ نەهێڵنەوە، هەمووی لاببەن وبیشوێنن وتێکیبشکێنن. وهەروەها واز نەهێنن لە هیچ گۆڕێکی بەرزکراوە ؛ تەختی بکەن لەگەڵ زەوی، وئەوەى لەسەری دروستکراوە لە بینا ودیوار بیڕمێنن، یان تەنها دەبێت بەئەندازەى بستێک بەرز بکرێتەوە لەسەر زەوی.
لە عیمرانی کوڕی حوصەینەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لە ئێمە نییە: ئەو کەسەی باوەڕی هەبێت بە شومیەتی لە شتێکدا یان داوا بکات بە پشکنینی شومیەتی لە شتێکدا، وئەو کەسەی فاڵ بگرێتەوە یان داوا بکات فاڵی بۆ بگیرێتەوە، وئەو کەسەی سيحر بکات یان داوا بکات سیحری بۆ بکرێت، وهەرکەسێک بچێتە لای کاهینێک وبڕوای پێبکات لەوەی کە دەیڵێت ئەوا کوفری کردووە بەوەی کە دابەزیوە بۆ سەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-».
(البزار) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک دەفەرموێت: (لەئێمە نییە)؛ ئەمە هەڕەشەیە لە کەسانێک لە ئومەتەکەى کە هەندێک کردەوە دەکەن، لەو کردەوانەش: یەکەم: (ئەو کەسەی باوەڕی هەبێت بە شومیەتی لە شتێکدا یان داوا بکات بە پشکنینی شومیەتی لە شتێکدا)، وبنچینەى وشەکە (الطیرة:شومیەتی) : لە هەڵدانى باڵندەوە هاتووە پێش کردنی کارێک لە سەفەرکردن یان بازرگانی یان هتد، ئەگەر باڵندەکە بەلای ڕاستدا بڕوات بەهیوا دەبێت وکارەکەى دەکات، ئەگەر بەرەو لای چەپ بچێت ئەوا ڕەشبین دەبێت وکارەکە ناکات، ئەمە دروست نییە بەهیچ شێوەیەک ئینجا مرۆڤ خۆی بیکات یان داوا بکات یەکێکی تر ئەمەی بۆ بکات، ونەهی کردن لەم بابەتە هەموو شتێکی بیستراو وبینراو دەگرێتەوە لە باڵندەکان وئاژەڵەکان ونەخۆشەکان وژمارە وڕۆژەکان وهتد. دووەم: (وئەو کەسەی فاڵ بگرێتەوە یان داوا بکات فاڵی بۆ بگیرێتەوە) ؛ هەرکەسێک بانگەشەی زانینی غەیب بکات بەبەکارهێنانى ئەستێرەکان وشتی تر، یان بچێت بۆ لای کاهین وفاڵگرەوەکان -ئەوانەى بانگەشەی زانینی غەیب دەکەن-، ئەگەر باوەڕیان پێبکات لەوەى دەیڵێن لە زانینی غەیب، ئەوا کوفرى کردووە بە ئەوەى دابەزیووە بۆ سەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-. سێیەم: (وئەو کەسەی سيحر بکات یان داوا بکات سیحری بۆ بکرێت)؛ ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خۆیان سیحر دەکەن، یان داوا لەکەسێکی تر دەکەن سیحریان بۆ بکات ؛ بۆ سوود یان زیانگەیاندن بە کەسێک، یان گرێ ببەستێت وسیحری لەسەر بکات بەفووکردن وخوێندنی تەڵەسیم وشتە حەرامکراوەکان.
لە یەکێک لە هاوسەرەکانى پێغەمبەرەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک بڕوات بۆ لای فاڵگرەوەیەک وپرسیاری شتێکی لێبکات ئەوا چل ڕۆژ نوێژی قبوڵ ناکرێت».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداری دەدات سەبارەت بەچوون بۆ لای فاڵگرەوەکان - ئەمیش هەموو کاهین وئەستێرەناس وهتد دەگرێتەوە ؛ لەئەوانەى بانگەشەی زاینی غەیب دەکەن بەهۆی ئەو شتانەى بەکاریدەهێنن-، وتەنها داواکردنی شتێک لێیان سەبارەت بە غەیب ؛ خواى گەورە لە پاداشتی نوێژکردنی چل ڕۆژ بێبەشی دەکات، وئەمە سزای ئەم تاوانە گەورەیە.