





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی هوڕەیڕەەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە فەرموویەتی: ئەوەى دژایەتی دۆستێكی (وەلیەكی) من بکات؛ ئەوا من جەنگی لە دژ ڕادەگەیەنم، وبەندەکەم بە هیچ شتێک لە من نزیک نابێتەوە کە خۆشەویست بێـت لە لام ؛ هێندەی نزیکبوونەوەى لێم بە ئەنجامدانى ئەو شتانەی لەسەری فەرزم كردووە، وبەندەکەم بەردەوام لێم نزیک دەبێتەوە بە ئەنجامدانى نافیلەکان^ هەتاوەکو خۆشم دەوێت، ئەگەر خۆشم ویست؛ ئەوا پارێزەری ئەو بیستنەی دەبم کە پێی دەبیستێت، وئەو بینینەی کە پێی دەبینێت، وئەو دەستەی کە شتی پێ وەردەگرێت، وئەو پێیەی کە پێی ڕێدەکات، ئەگەر داوام لێبکات ئەوا پێی دەبەخشم، وئەگەر پەنام پێبگرێت ئەوا پەنای دەدەم، لەسەر ئەنجامدانى هیچ کردەوەیەک بە گومان نەبووم وەکو گومانم لە کێشانی ڕۆحی ئیماندار، حەز لە مردن ناکات، ومنیش حەز ناکەم ئازاری بدەم». ^(نافیلە؛ واتە: ئەو وتە وکردەوانەى کە فەرز نین بەڵام بەندە ئەنجامیان دەدات بۆ بەرزبوونەوەى پلە ونزیکبوونەوەى لە خواى گەورە، پێشی دەووترێت: سونەت یان موستەحەب یان خۆبەخش)
(البخاري) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆمان دەگێڕێـتەوە لە فەرموودەیەكی قودسیدا كە خوای گەورە -عز وجل- فەرموویەتی: ئەوەی ئازاری دۆستێكی -وەلیەكی- من بدات وتوڕەی بكات وڕقی لێبێت ئەوا من دژایەتیكردنی ڕادەگەیەنم. دۆستی -وەلی- خوای گەورە: بریتیە لە ئیمانداری تەقوادار، هەتا بەندە ئیمان وتەقوای زیاتر بێت ئەوا دۆستایەتی خوای گەورە بۆی زیاتر دەبێت. وبەندە بە هیچ شتێک لە پەروەردگاری نزیك نابێتەوە کە خۆشەویست بێـت لە لای پەروەردگاری ؛ هێندەی نزیکبوونەوە لێی بە ئەنجامدانى ئەو شتانەی لەسەری فەرز و واجبی كردووە، ئەمیش ئەنجامدانی پەرستنەكان ودووركەوتنەوە لە حەرامكراوەكان دەگرێتەوە، ومسوڵمان بەردەوام نزیک دەبێتەوە لە پەروەردگاری بە ئەنجامدانی كردەوە سونەتەكان لەگەڵ فەرزەكان ؛ هەتاوەكو خوای گەورە خۆشی دەوێت. ئەگەر الله خۆشی بوێت؛ ئەوا ڕێنموێنی دەكات لە چوار ئەندامیدا: ڕێنموێنی دەكات لە بیستنیدا، بۆیە تەنها شتانە دەبیستێت كە خوای گەورە لێی ڕازیە. وڕێنموێنی دەكات لە بینینیدا، بۆیە تەنها سەیری ئەو شتانە دەكات كە خوای گەورە پێی خۆشە سەیری بكات وپێی ڕازیە. وڕێنموێنی دەكات لە دەستیدا، بۆیە تەنها ئەو كردەوانە دەكات بەدەستی كە خوای گەورە پێی ڕازیە. وڕێنموێنی دەكات لە پێیدا، بۆیە تەنها بۆ ئەو شوێنانە دەڕوات كە خوای گەورە لێی ڕازیە، وتەنها بۆ خێر وچاكە هەوڵدەدات. لەگەڵ ئەمانەیشدا ئەگەر داوای هەرشتێك لە خوای گەورە بكات ؛ پێی دەبەخشێت، نزاكانی وەڵام دەدرێتەوە، وئەگەر پەنا بە الله بگرێت وداوای پاراستنی لێبكات؛ ئەوا الله -سبحانه وتعالی- دەیپارێزێت وپەنای دەدات لەو شتەی لێی دەترسێت. پاشان خوای گەورە -سبحانه وتعالی- فەرمووی: لەسەر ئەنجامدانى هیچ کردەوەیەک بە گومان نەبووم وەکو گومانم لە کێشانی ڕۆحی ئیماندار ؛ وەكو ڕەحمەتێك بەرامبەری، چونكە حەز لە مردن ناکات بەهۆی ئێش وئازارەكەی، وخودایش حەزی بەو شتە نییە كە ئیماندار ئازار دەدات.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «دوو شت هەیە نیشانەى کوفرن: تانەدان لە ڕەچەڵەک، هاوار وشیوەن کردن لەسەر مردوو».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە دوو سیفەت لە نێو خەڵكیدا هەن؛ لە كردەوەی كافرەكان، ولە ڕەوشتەكانی جاهیلیەت ونەفامین، ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: تانەدان لە ڕەچەڵەكی خەڵكی و بەكەم دانانیان و خۆبەگەورەزانین بەسەریاندا. دووەم: بەرزكردنەوەی دەنگ لەكاتی كارەسات؛ وەكو توڕەیی دەربڕینێك بەرامبەر قەدەر، یان دڕینی جلوبەرگ بەهۆی زۆر ناڕازیبوونەوە.
لە عیمرانی کوڕی حوصەینەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەڵقەیەکی مسی لە دەستی پیاوێکدا بینی، فەرمووی: ئەمە چییە؟ پیاوەکە ووتی: بۆ لابردنی نەخۆشی لاوازى لە دەستم کردووە. -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «دایبکەنە تەنها لاوازتر دەکات، ئەگەر بمریت وئەمە لە دەستدا بێت؛ ئەوا هەرگیز سەرفراز نابیت».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەعيمرانی کوڕی حوصەین -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ڕووداێک دەکات کە دژایەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەردەخات بەرامبەر شیرک وڕزگارکردنی خەڵکی لێی، ڕووداوەکە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پیاوێکی بینی کە ئەڵقەیەکی مسی لە دەستدا بوو، وپرسیاری لێیکرد کە بۆچی لە دەستی کردووە؟ پیاوەکە وەڵامی دایەوە: لە دەستی کردووە بۆ ئەوەى لە ئازار ونەخۆشی بیپارێزێت، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى پێکرد دەستبەجێ فڕێی بدات، وپێی فەرموو کە ئەم شتە سوودی پێناگەیەنێت بەڵکو تەنها زیانی پێدەگەیەنێت، ونەخۆشی وئازارەکە زیاتر دەکات کە بەهۆیەوە لە دەستت کردووە، ولەمەش گەورەتر ئەگەر بمرێت وئەم ئەڵقەیە لە دەستیدا بێت وئەم بیروباوەڕەی هەبێت سەبارەتی ئەوا لە سەرفرازان نابێت لە ڕۆژی قیامەتدا.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئایا دەزانن کەسی مایەپووچ (موفلیس) کێیە؟»، ووتیان: کەسی مایەپووچ لە نێوانماندا ئەوەیە کە هیچ پارە وموڵکێکی نییە. -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «کەسی مایەپووچ ئەو کەسەیە لە نێو ئومەتەکەم کە ڕۆژی قیامەت دێت ونوێژ وڕۆژوو وزەکاتى ئەنجامداوە، (بەڵام بە ناهەق): جوێنی داوە، وتۆمەتی هەڵواسیوە، وپارەی خەڵکی خواردووە، وخوێنی خەڵکی ڕشتووە، ولە خەڵکی داوە، (ئەوانەى ستەمی کردووە لێیان) لە چاکەکانى دەدرێت پێیان، کاتێک چاکەی نامێنێت پێش ئەوەی مافی خەڵکی بەتەواوی بداتەوە ؛ ئەوا لە تاوان وخراپەکانى ئەو ستەملێکراوانە دەدرێت بەو، وپاشان فڕێ دەدرێتە نێو دۆزەخەوە».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لە هاوەڵانی كرد: ئایا دەزانن كەسی مایەپووچ -موفلیس- كێیە؟ ووتیان: مایەپووچ لەلای ئێمە ؛ ئەو كەسەیە كە نە پارە ونە شتومەكی هەیە، فەرمووی: مایەپووچ لە ئومەتەكەمدا ئەو كەسەیە كە دێت لە ڕۆژی قیامەتدا وكردەوەی چاكی ئەنجامداوە لە نوێژ وڕۆژوو وزەكاتدان، بەڵام جوێن وتانەی لە كەسایەتی خەڵكی داوە، وپارەی خەڵكی خواردووە ونكۆڵی لێكردووە، وخوێنی خەڵكی ڕشتووە وستەمی لێكردوون، ولە خەڵكی داوە وسوكایەتی پێكردوون، بۆیە چاكەكانی دەدرێت بە ستەملێكراوەكان، وكاتێك چاكەی نامێنێت پێش ئەوەی مافی خەڵکی بەتەواوی بداتەوە؛ ئەوا لە خراپەكانی ستەملێكراوەكان وەردەگیرێت ودەخرێتە سەر تۆماری ستەمكار، پاشان فڕێ دەدرێتە نێو دۆزەخ چونكە هیچ چاكەیەكی نەماوە.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەر خاوەنی زێڕ وزيوێك مافەکەى (زەکاتەکەی) نەدات؛ ئەوا له ڕۆژی قيامەتدا پزیشکی ئاگرينى بۆ ئامادە دەكرێت كه له ئاگرى دۆزەخدا سوور کراونەتەوە، لاتەنیشت و نێوچاوان وپشتی پێ داخ دەکرێت، ھەر کاتێک (پزیشکەکە) سارد بووەوە دووبارە گەرم دەکرێنەوە، له ڕۆژێکدا کە ماوەکەی پەنجا هەزار ساڵە، هەتا دادوەرى لەنێوان هەموو بەندەكاندا تەواو دەکرێت، پاشان ڕێگەی پێ نیشان دەدرێت یان بەرەو بەهەشت یان بەرەو دۆزەخ»، ووترا: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەی چی سەبارەت بە وشتر؟ فەرمووى: «خاوەنی وشتریش ئەگەر مافەكەی نەدات وهەندێ لە مافەکەی ئەوەیە لەکاتی دۆشینی بەشی فەقیر وهەژارانی لێ بدرێت، له ڕۆژی قیامەتدا ئەو کەسەی (کە زەکاتى لە وشترەکان نەداوە) لەسەر ڕووی فڕێدەدەرێتە سەر بیابانێکی تەختی ساف، وشترەکان دێن زۆرتر وقەڵەوترن تەنانەت بێچووەکانیشیان لەگەڵدایە، پێی پێدەنێن وگازی لێدەگرن، کاتێک ئەوانەى سەرەتا تەواو دەبن ودێنه كۆتايى سەر لە نوێ دەستپێدەکەنەوە بە درێژایی ڕۆژێک کە ماوەکەی پەنجا هەزار ساڵه هەتا دادوەرى لە نێوان هەموو بەندەكاندا تەواو دەبێت، پاشان ڕێگەی خۆی پێ نیشان دەدرێت، یان بەرەو بەهەشت یان بەرەو دۆزەخ»، ووترا: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەی چی سەبارەت بە گاگەل (گا ومانگا) وپەز (مەڕو بزن)؟ فەرمووی: «هەر خاوەنێکی ئەمانە ئەوەی كه لەسەرى پێويسته نەیبەخشێت، كاتێک ڕۆژی قيامەت دێت، لە سەر ڕووی فڕێدەدرێتە سەر بیابانێکی تەختی ساف، هیچیان قۆچ كەوانەيى يان بێ قۆچ یان قۆچ شكاو نين، بە قۆچ لە خاوەنەكانيان دەدەن وبە قاچەكانیان بەسەریدا دەڕۆن، کاتێک ئەوانەى سەرەتا تەواو دەبن ودێنه كۆتايى سەر لە نوێ دەستپێدەکەنەوە بۆ ماوەى درێژایی ڕۆژێک کە ماوەکەی پەنجا هەزار ساڵه هەتا دادوەرى لە نێوان هەموو بەندەكاندا تەواو دەکرێت، پاشان ڕێگەی خۆی پێ نیشان دەدرێت، یان بەرەو بەهەشت یان بەرەو دۆزەخ»، ووترا: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەی چی سەبارەت بە ئەسپ؟ فەرمووى: «ئەسپ سێ جۆرە: بۆ هەندێک كەس هۆی توشبوونە بە تاوان، بۆ هەندێکیش هۆی پاراستن وپۆشینە، بۆ هەندێکی تریش هۆی دەستكەوت وپاداشتە، جا ئەوەی كە تاوانە بۆی: پیاوێکه بۆ خۆدەرخستن وشانازى ودژایەتى موسڵمانان ڕایگرتووە، بۆ ئەو تاوانه. ئەوەیشی بۆی دەبێتە قەڵغان وهۆی پاراستنی لە ئاگر: کەسێکە لە پێناو خودا ڕایگرتبێت، مافى خودا فەرامۆش ناكات لە بەكارهێنانیدا بۆ سواری وبەخشينى بۆ جیهاد، ئەمە بۆی دەبێتە قەڵغان، بەڵام ئەوەی بۆی دەبێتە هۆكاری بەدەستهێنانی پاداشت: کەسێکه لە پێناو خودا ڕایگرتبێت بۆ بەرژەوەندى موسڵمانان، لە دەشتێکی فراوانى سەوزاییدا، هەموو ئەو گژوگیایانەی لەو دەشتە فراوانه سەوزەدا دەیخوات بۆی دەنووسرێن به چاکە بە ئەندازەی ئەوەی خواردوویەتی، تەنانەت هەموو پاشەڕۆ ومیزەکەیشی به چاکە بۆی دەنووسرێت، ئەگەر پەتەکەی بپچڕێت تەپۆڵکەیەك یان دوو تەپۆڵکە سەركەوت؛ ئەوا خودا بە قەدەر جێی پێکانى وپاشەڕۆكانى چاكەی بۆ تۆمار دەكات، کاتێک خاوەنەکەی دەیباتە سەر ھەر چەم وڕووبارێك بۆ ئەوەی ئاوى بدات، خودا بە ئەندازەی ئەو ئاوەی دەیخواتەوە چاکەی بۆ دەنوسێت».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چەند جۆرێك لە سامان ڕووندەكاتەوە، لەگەڵ باسكردنی سزای ئەوانەی زەكاتی ئەم جۆرانە نادەن لە ڕۆژی قیامەتدا، لەوانەیش: یەكەم: ئاڵتون وزیو وئەو شتانەیش كە حوكمیان هاوشێوەیە لە سامانەكان وشتومەكە بازرگانیەكان، كە زەكاتیان تێدا واجبە بەڵام نایدەن، ئەگەر ڕۆژی قیامەت بێت ئەوا دەتاوێنرێنەوە ودەكرێن بە پارچە لەوحێکی گەورە، وگەرم دەكرێن لەناو ئاگری دۆزەخدا، وخاوەنەكەی پێ سزا دەدرێت، بۆیە لاتەنیشتی ڕووی ونێوچەوانی وپشتی پێ داخ دەكرێت، هەركاتێك سارد بێتەوە؛ دووبارە گەرم دەكرێتەوە، بەم شێوەیە سزادانی بەردەوام دەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا كە ماوەكەی پەنجا هەزار ساڵە، هەتا خوای گەورە حوكم دەكات لەنێوان خوڵقێنراوەكاندا، ئینجا لە خەڵكی بەهەشت دەبێت یان لە خەڵكی دۆزەخ. دووەم: خاوەنی وشتر كە زەكاتی فەرز وماف جێبەجێ ناكات لە وشترەكانی، لەو مافانەیش: دۆشینیان وبەخشینی شیرەكان بە هەژارە ئامادەبووەكان، لە ڕۆژی قیامەتدا ئەم وشترە گەورە وقەڵەوانە دەهێنرێت وژمارەیان زیاترە، وخاوەنەكەیان ڕادەخرێت لەسەر زەویەكی فراوان وتەخت، وشترەكان پێدەنێن بە خاوەنەكەیان، وبە ددانەكانیان گازی لێدەگرن، ئەگەر كۆتا دانەیان بەسەریدا بڕوات ئەوا یەكەم دانەیان دیسانەوە پێی پێدا دەنێت، بەم شێوەیە سزادانی بەردەوام دەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا كە ماوەكەی بەپێی پەنجا هەزار ساڵە، هەتا خوای گەورە حوكم دەكات لەنێوان خوڵقێنراوەكاندا، ئینجا لە خەڵكی بەهەشت دەبێت یان لە خەڵكی دۆزەخ. سێیەم: خاوەنی گاگەل -گا ومانگا- وپەز -مەڕ وبزن- كە زەكاتی فەرز جێبەجێ ناكات لە مەڕوماڵاتەكەیدا، لە ڕۆژی قیامەتدا ئەم گاگەل وپەزانە دێن وبێ ئەوەی هیچ كەمیان كردبێت بەڵكو زیاترن، وخاوەنەكەیان ڕادەخرێت لەسەر زەویەكی فراوان وتەخت، هیچیان قۆچ كەوانەيى يان بێ قۆچ یان قۆچ شكاو نين، بەڵكو هەموویان لە باشترین شێوەدان، بە قۆچەكانیان لە خاوەنەكەیان دەدەن وپێی بەسەردا دەنین، کاتێک ئەوانەى كۆتایی تەواو دەبن؛ دیسانەوە ئەوانەی سەرەتا سەر لە نوێ دەستپێدەکەنەوە، بەم شێوەیە سزادانی بەردەوام دەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا كە ماوەكەی بەپێی پەنجا هەزار ساڵە، هەتا خوای گەورە حوكم دەكات لەنێوان خوڵقێنراوەكاندا، ئینجا لە خەڵكی بەهەشت دەبێت یان لە خەڵكی دۆزەخ. چوارەم: خاوەنی ئەسپ، ئەمیش سێ جۆرە: یەكەم: هۆكاری گوناهباربوونیەتی، ئەگەر بۆ ڕیا وشانازی وجەنگان دژی ئیسلام ڕایگرتبێت. دووەم: هۆكارە بۆ پاراستنی، دەرهەق بە كەسێك بۆ جیهاد كردن لە پێناو خوای گەورە بەكاریبهێنێت، پاشان چاكەكارە بەرامبەری بە خواردن پێدانی ودابینكردنی پێویستیەكانی، وپێدانی نێرەكانی بۆ زاوزێ كردن. سێیەم: هۆكاری بەدەستهێنانی پاداشتە، دەرهەق بە كەسێك بۆ جیهاد كردن لەپێناو خوای گەورە ڕایگرتبێت بۆ سوود گەیاندن بە مسوڵمانان، لە دەشتێكدایە دەلەوەڕێت، هەر شتێك بخوات بە ئەندازەی خواردنەكە چاكە بۆ خاوەنەكەی دەنووسرێت، وبە ئەندازەی ڕیخ ومیزەكەی پاداشتی بۆ دەنووسرێت، وئەگەر پەتەكەی بپچڕێت وبڕوات وڕابكات بۆ هەر شوێنێكی بەرز لەسەر زەوی؛ ئەوا خوای گەورە بەئەندازەی شوێنپێ وڕیخەكەی چاكە بۆ خاوەنەكەی دەنووسێت، وئەگەر تێپەڕبێت بەلای هەر ڕووبارێكدا ولێی بخواتەوە لەكاتێكدا خاوەنەكەی نایەوێت ئاوی بدات؛ ئەوا پەروەردگار بە ئەندازەی خواردنەوەكەی پاداشت بۆ خاوەنەكەی دەنووسێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێكرا سەبارەت بە گوێدرێژ، ئایا وەكو ئەسپ وایە؟ فەرمووی: هیچ شتێك لە شەریعەتدا دانەبەزیووە تایبەت بە گوێدرێژ مەگەر ئەم ئایەتە تایبەتە نەبێت، كە گشتیە بۆ هەموو جۆرەكانی گوێڕایەڵی وسەرپێچی؛ كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَمَن يَعۡمَلۡ مِثۡقَالَ ذَرَّةٍ خَيۡرٗا يَرَهُۥ (7) وَمَن يَعۡمَلۡ مِثۡقَالَ ذَرَّةٖ شَرّٗا يَرَهُۥ (8)﴾ [الزلزلة]، واتە: ﴿جا ھەرکەسێك بە ئەندازەی گەردیلەیەکی هەرە ورد چاکە وخێری کردبێت دەیبینێتەوە (7) وجا ھەرکەسێك بە ئەندازەی گەردیلەیەکی هەرە ورد خراپە وشەڕی کردبێت دەیبینێتەوە (8)﴾، هەركەسێك گوێدرێژ ڕابگرێت وەكو گوێڕایەڵیەك ئەوا پاداشتەكەی دەبینێتەوە، وئەگەر بۆ سەرپێچی بەكاریبهێنێت ئەوا سزاكەی وەردەگرێتەوە، وئەمیش گشتگیرە بۆ هەموو كردەوەكان.
لە عەدی کوڕی حاتەمەوە -ڕەزای خوای لێبێت- كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەریەکێک لە ئێوە پەروەردگاری قسەی لەگەڵدا دەکات (بە ڕاستەوخۆ) وهیچ کەسێک لە نێوان ئەو وپەروەردگاری نابێت، ئەو كەسە سەیری لای ڕاستی دەکات تەنها کردەوەکانی دەبینێت (کە لە دونیادا ئەنجامی داوە)، وسەیری لای چەپی دەکات تەنها کردەوەکانی دەبینێت (کە لە دونیادا ئەنجامی داوە)، سەیری پێشەوەى دەکات دەبینێت دۆزەخ بەرەو ڕوویەتی، بۆیە خۆتان لە دۆزەخ بپارێزن ئەگەر بە هێندەی لەتە خورمایەکیش بێت (خێرکردن بێت بە لەتە خورمایەک)».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە ئیماندار بەتەنها خۆی دەوەستێت لەبەرانبەر الله لە ڕۆژی قیامەتدا، وپەروەردگار -سبحانه وتعالی- قسەی لەگەڵدا دەكات بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك لەنێوەندا بێت، بۆیە لە ترسدا سەیری لای ڕاست وچەپی دەكات؛ بەڵكو ڕێگایەك بدۆزێتەوە پێیدا بڕوات وڕزگاری بێت لە دۆزەخ چونكە لە پێشیدایە. كاتێك سەیری لای ڕاستی دەكات ؛ تەنها كردەوە چاكەكانی دەبینێت، وكاتێك سەیری لای چەپی دەكات ؛ تەنها كردەوە خراپەكانی دەبینێت، وكاتێك سەیری پێشەوە دەكات دەبینێت دۆزەخە، وناتوانێت خۆی لێی دەرباز بكات چونكە دەبێت بەسەریدا تێپەڕ ببێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: شتێك بخەنە نێوان خۆتان ودۆزەخ بۆئەوەی پارێزراو بن لێی ئەم شتەیش خێركردن وكردەوە چاكەكانە؛ ئەگەرچیش شتێكی كەم بێت وەكو بەخشینی نیوە خورمایەك.
لە عوقبەی کوڕی عامری جوهەنیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: كۆمەڵێك هاتن بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، نۆ كەسیان بەیعەتیان دا وبەیعەتی لە دەیەم وەرنەگرت، ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا، بەیعەتی نۆیانت وەرگرت و وازت لە ئەو هێنا؟ فەرمووی: «تەمیمەی پێوەیە -بەخۆیەوە هەڵیواسیوە-»، پیاوەكەیش دەستی دایە وپچڕانی، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەیعەتی لێوەرگرت، وفەرمووی: «ئەوەی تەمیمەیەک^ هەڵبواسێت؛ ئەوا شیرک وهاوبەشی بۆ خواى گەورە بڕیارداوە». ^(تەمیمە؛ واتە: کاغەزێکە نووسراوه ودەپێچرێتە ناو شتێك یان شتێكه -چاوەزارێكه- له دەست دەكرێت یان دەكرێته ملەوه یان هەڵدەواسرێت كه پێیان وایه له چاوی پیس وشتی خراپ دەیانپارێزێت)
(أحمد) ڕیوایەتی كردووەكۆمەڵێك هاتن بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، دە كەس بوون، نۆیان بەیعەتیان دا لەسەر ئیسلام وشوێنكەوتنی، بەڵام بەیعەتی دەیەمی وەرنەگرت، پرسیاری لێكرا سەبارەت بە هۆكارەكەی؛ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: تەمیمەی بەخۆیەوە هەڵواسیوە، تەمیمە: پێچراوێکە یان هەڵواسراوێکە لە موروو وشتی تر دروستدەكرێت كه پێیان وایه له چاوپیسی وزیان دەیانپارێزێت. پیاوەكە دەستی برد بۆ شوێنی تەمیمەكە وپچڕانی وفڕێی دا، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەیعەتی لێوەرگرت، وحوكمەكەی ڕوونكردەوە وهۆشداریدا ؛ فەرمووی: «ئەوەی تەمیمەیەک هەڵبواسێت؛ ئەوا شیرک وهاوبەشی بۆ خواى گەورە بڕیارداوە».
لە روەیفیعەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێمی فەرموو: «ئەی روەیفیع، لەوەیە لە پاش من بۆ ماوەیەکی زیاتر بژیت؛ بە خەڵکی ڕابگەیەنە ئەوەى ڕیشی گرێبدات وبیبەستێـتەوە، یان پەتێک بکاتە ملیەوە، یان بە پاشەڕۆی ئاژەڵێک (بە تەپاڵەیەک) یا بە ئێسکێک خۆی لە پاشەڕۆی پیس پاک بکاتەوە؛ ئەوا موحەمەد دوور وبەریئە لەو کەسە وهیچ پەیوەندیەکی پێوەى نییە».
نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەواڵی ئەوە دەدات کە ئەم هاوەڵە تەمەنی درێژ دەبێت هەتا دەگاتە سەردەمی کەسانێک کە پێچەوانەى سونەت وڕێبازی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەبنەوە لە هێشتنەوە وخزمەتکردنی ڕیش بەرەو تێکدانی شێوەى ڕیش وناشیرین کردنی ئەمیش بەهۆی لاسایی کردنەوەى بێباوەڕان یان ئەو کەسانەى خەریکی ڕابواردن وشێوە ومۆدێلن. یان سنوورەکانى بیروباوەڕی تەوحید (یەک خوا پەرستی) تێدەپەڕێنن ئەمیش بەهۆی ئەوەى پەت وملوانکە یان هەڵیدەواسن بە لاشەی ئاژەڵەکانەوە کە پێیان وایە لە زیان دەیانپارێزێن کە ئەمیش جۆرێکە لە جۆرەکانى شیرک وهاوبەشدانان بۆ خواى گەورە -سبحانه وتعالى-. یان ئەوەی پێغەمبەرەکەیان نەهی لێکردوون ئەنجامی دەدەن لە خۆ پاککردنەوە بە پاشەڕۆی ئاژەڵ (تەپاڵە) وئێسک. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاری هاوەڵەکەى کرد کە بە ئومەتەکەى ڕابگەیەنێت؛ کە ئەو بەریئە وهیچ پەیوەندی بە کەسێکەوە نییە کە شتێک لەمانە ئەنجامبدات.
لە عائیشەوەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «فریشتەکان لە نور (ڕووناکی) دروستکراون، وجنۆکەکان لە بڵێسەی بێ دوکەڵی ئاگر دروستکراون، وئادەم لەو شتە دروستکراوە کە وەسفەکەى بۆتان باسکراوە (لە قورئاندا)».
موسلیم گێڕاویەتیەوەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی سەرەتای دروستکردنی بوونەوەرەکان دەکات، باسی ئەوە دەکات کە فریشتەکان لە نور (ڕووناکى) دروستکراوە بۆیە سەرپێچی فەرمانەکانى خواى گەورە ناکەن وخۆیان بە گەورە نازانن بەرامبەر پەرستنی وگوێڕایەڵیکردنی، بەڵام جنۆکەکان لە ئاگر دروستکراون، بۆیە زۆربەیان سیفەتی سەرەڕۆیی وهەڵەشەیی ولە خۆبایی بوون ودوژمنکاریان تێدایە، وئادەم لەو شتە دروستکراوە کە باسکراوە لە قورئانی پیرۆزدا واتە: لە قوڕێکی وشکبووی سوورکراو وەکو سواڵەت، پاشان لەم ماددەیەوە خواى گەورە -سبحانه وتعالى- ئادەمی دروستکرد -علیه السلام-.