





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەنەسی کوڕی مالیک وئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پەروەردگاریەوە دەیگڕێتەوە کە (پەروەردگار) دەفەرموێت: «ئەگەر بەندەکەم (هێندەى) بستێک لە من نزیک بێتەوە؛ ئەوا من (هێندەى) باڵێک لێی نزیک دەبمەوە، وئەگەر (هێندەى) باڵێک لێم نزیک بێتەوە؛ ئەوا من (هێندەی) دوو باڵ لێی نزیک دەبمەوە، وئەگەر بە ڕێ کردن بۆ لای من بێت؛ ئەوا من بە هەروەلە* بۆ لای ئەو دێم». *(هەروەلە: جۆرێکە لە ڕاکردن -بەڵام بە شێوەیەکی مامناوەند نە ڕێکردن ونە ڕاکردنی خێرایە-)
بوخاری گێڕاویەتیەوە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریهەرکەسێک لە خواى گەورە نزیک بێتەوە بە ئەنجامدانى پەرستنەکان ئەگەرچیش کەم بێت؛ ئەوا خواى گەورە پاداشتی ئەم کردەوەیەی بۆ چەندجار دەکات ئەمیش وەکو فەزڵ وبەخشین وڕێزلێنانێک لە لایەن خواى گەورە بۆ ئەو کەسە، وهەرچەندە مرۆڤ زیاتر پەرستن ئەنجامبدات؛ خواى گەورە زیاتر پاداشتی دەداتەوە وفەزڵ وڕەحمەتی خێراتر بۆ ئەو بەندەیە دێت، ئەمیش لەسەر بنەمای ئەوەى ئەم فەرموودەیە لەو فەرموودانە نییە کە وەسفی سیفەتەکانى خواى گەورە بکات؛ بەو تێڕوانینەى ئەهلی سونە وجەماعەت لەسەرین لە دووپاتکردنەوە لە بوونی سیفەتەکانى خواى گەورە، ولە نێویاندا: ئیبن تەیمیە، بەڵام کۆمەڵێکی تر لە زانایان دەڵێن سیفەتی (بە خێرا هاتن:هەروەلە:الهرولة) سیفەتێکی خواى گەورەیە بە بێ قووڵبوونەوە لە چۆنیەتی ئەم سیفەتە هەورەکو سیفەتەکانى تر. *(هەروەلە: جۆرێکە لە ڕاکردن -بەڵام بە شێوەیەکی مامناوەند نە ڕێکردن ونە ڕاکردنی خێرایە-)
لە موحەمەدی کوڕی زەیدەوە دەڵێت: خەڵکانێک ووتیان بە باپیری کە عبداللەی کوڕی عومەرە -ڕەزای خوایان لێبێت-: ئێمە دەچین بۆ لای دەسەڵاتدارەکانمان قسەیەکیان بۆ دەکەین پێچەوانەى ئەو قسانەیە کە دەیڵێین کاتێک بەجێیان دەهێڵین، (ئیبن عومەر) ووتی: «ئێمە لەسەردەمی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەمان (ئەم کارەمان) بە دووڕوویی (نیفاق) دادەنا».
بوخاری گێڕاویەتیەوەکۆمەڵێک کەس هاتن بۆ لای عبداللەی کوڕی عومەر -ڕەزای خوایان لێبێت- ووتیان: ئێمە دەچین بۆ لای دەسەڵاتدارەکانمان قسەیەکیان بۆ دەکەین بەڵام کاتێک دەردەچین وئەوان جێدەهێڵین پێچەوانەى ئەو قسانە دەکەین، ئەویش (عبداللە) ووتی: ئێمە لەسەردەمی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەمان (ئەم کارەمان) بە دووڕوویی (نیفاق) دادەنا. چونکە قسەکەیان درۆ بوو وخیانەتیان کرد وئامۆژگاری دەسەڵاتداریان نەکرد، بۆیە واجبە ئەگەر کەسێک بچێت بۆ لای دەسەڵاتدارەکان و وەزیرەکان وسەرۆکەکان وپاشاکان؛ پێویستە ڕاستگۆ بێت وئامۆژگاریان بکات وشتەکان وەکو خۆی بگێڕێتەوە وتاکە هەوڵی ئەوە نەبێت کە تەنها بەرژەوەندی خۆی بەدەستبهێنێت.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک حەز بە دیداری خودا بکات؛ خواى گەورەیش حەز بە دیداری ئەو دەکات، وهەرکەسێک حەز بە دیداری خودا نەکات؛ خواى گەورەیش حەز بە دیداری ئەو ناکات»، ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا حەز نەکردنە لە مردن، هەموومان حەزناکەین لە مردن؟ فەرمووی: «بەو -شێوەیە- نییە، ئیماندار ئەگەر موژدەى پێبدرێت بە ڕەحمەتی خواى گەورە وڕەزامەندی وبەهەشتەکەى؛ حەز بە دیداری خواى گەورە دەکات وخواى گەورەیش حەز بە دیداری ئەو دەکات، وکافر (بێباوەڕ) ئەگەر موژدەى سزا وتووڕەیی خواى گەورەی پێبدرێت؛ حەز بە دیداری خودا ناکات وخواى گەورەیش حەز بە دیداری ئەو ناکات».
موسلیم گێڕاویەتیەوە(هەرکەسێک حەز بە دیداری خودا بکات؛ خواى گەورەیش حەز بە دیداری ئەو دەکات، وهەرکەسێک حەز بە دیداری خودا نەکات؛ خواى گەورەیش حەز بە دیداری ئەو ناکات)، عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- پرسیاری کرد: ئایا مەبەست حەزنەکردنە لە مردن ئەی پێغەمبەری خودا، هەموومان حەزناکەین بمرین؟ ئەویش فەرمووی: (نەخێر، بەو شێوەیە نییە)، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەواڵی دا سەبارەت بەوەى ئەگەر مرۆڤ حەز بە دیداری خواى گەورە بکات ئەوا خوداش حەز بە دیداری ئەو دەکات، ئیماندار باوەڕی بەو پاداشت ونیعمەتە زۆر وهەمیشەییانە هەیە کە خواى گەورە بۆ باوەڕداری ئامادەکردووە لە بەهەشتدا؛ بۆیە حەز بە ئەمە دەکات وزۆر گرنگی بەم دونیایە نادات، چونکە دەچێت بۆ شوێنێک خێرتر لەم شوێنە کاتیە، وئەمیش دەبێتە هۆی ئەوەى حەز بە دیداری خواى گەورە بکات، و بەتایبەت لە کاتى مردندا کاتێک مژدەى ڕەزامەندی وڕەحمەتی خواى گەورەی پێدەدرێت بۆیە حەز دەکات بە دیداری خواى گەورە وخوداش حەز بە دیداری ئەو دەکات، بەڵام مرۆڤی کافر (بێباوەڕ) پەنا بە خودا ئەگەر موژدەى پێبدرێت بە سزای خواى گەورە و توڕەبوونی لاشەی پارچەپارچە دەبێت وحەز ناکات دەربچێت لەم ژیانە، بۆیە ڕۆحی کافر بە ناڕەحەتی دەردەهێنرێت لە لاشەی وحەز ناکات لەم دونیایە دەربچێت؛ چونکە پەنا بە خودا موژدەى شەڕ وسزای پێدەدرێت وبۆیە حەز ناکات بە دیداری خواى گەورە وخوداش حەز بە دیداری ئەو ناکات، خواى گەورە دەفەرموێت: {وَلَوْ تَرَىٰٓ إِذِ ٱلظَّـٰلِمُونَ فِى غَمَرَٰتِ ٱلْمَوْتِ وَٱلْمَلَـائِكَةُ بَاسِطُوٓا۟ أَيْدِيهِمْ أَخْرِجُوٓا۟ أَنفُسَكُمُ ٱلْيَوْمَ تُجْزَوْنَ عَذَابَ ٱلْهُونِ بِمَا كُنتُمْ تَقُولُونَ عَلَى ٱللَّهِ غَيْرَ ٱلْحَقِّ وَكُنتُمْ عَنْ ءَايَـٰتِهِ تَسْتَكْبِرُونَ}[الأنعام: 93] واتە: {خۆزگە ستەمکارانت دەبینی کاتێک وان لە ناڕەحەتی و سەختی سەرەمەرگدا و فریشتەکان دەستیان بۆ دەبەن (بۆ گیان کێشانیان) (پێیان دەڵێن) خۆتان دەربازکەن (لەم ناڕەحەتی گیان کێشانە ئەگەر ڕاست دەکەن) ئەمڕۆ پاداشتی ڕیسواکەر دەدرێنەوە بەھۆی ئەوەی کە قسەی ناڕاستان ھەڵئەبەست بە ناوى خواوە و خۆتان بەگەورە دەزانی لەبەرانبەر ئایەتەکانی خوادا}.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «سەیحان وجەیحان وفورات ونیل؛ هەموویان لە ڕووبارەکانى بەهەشتن».
موسلیم گێڕاویەتیەوەسەیحان وجەیحان وفورات ونیل؛ چوار ڕووبارن لە ڕووبارەکانى دونیا؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەسفیانی کردووە بەوەى لە ڕووبارەکارەکانى بەهەشتن، هەندێک لە زانایان دەڵێن: لە هەقیقەت وڕاستیدا ئەوانە لە ڕووبارەکانى بەهەشتن بەڵام کاتێک لەسەر زەوی دانران وسیفەتی ڕووبارەکانى سەر زەوییان وەرگرت؛ بوون بە یەکێک لە ڕووبارەکانى دونیا.
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: خەڵکی ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا، نرخەکانى زیادی کرد؛ نرخەکانمان بۆ چاکە بکە (فسَعِّرْ لنا)، ئەویش پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «خواى گەورە (ئەلموسەعیر:المسعر)* -و- (ئەلقابیز:القابض)** -و- (ئەلباست:الباسط)^ -و- (ئەلڕەزاق:الرازق)ە^^، من هیوام ئەوەیە کە بگەمە لای خواى گەورە وهیچ یەکێک لە ئێوە داواکاریەکی نەبێت (لە دژی من) لە خوێن وماڵ». *(ئەلموسەعیر:المسعر // ناوی خواى گەورە نییە بەڵکو لە کردەوەکانى خواى گەورە بە واتاى ئەوە دێت بەرزکردنەوە ونزمکردنەووەى نرخەکان بە دەستی خواى گەورەیە)، **(ئەلقابیز:القابض // ناوێکی خواى گەورە وباشتر وایە لەگەڵ ناوی -ئەلباسیت:الباسِط- باسبکرێت بە مانای ئەوە دێت خواى گەورە ڕزق وڕۆزی وهەرشتێکی بوێت دەیگرێتەوە وقەدەغەی دەکات لەسەر بەندەکان ئەمیش بە ئەوپەڕی حیکمەتی زاتی مەزنی)، ^(ئەلباست:الباسط // ناوێکی خواى گەورەیە بە ماناى ئەوە دێت خواى گەوڕە ڕزق وڕۆزی فراوان دەکات لەسەر بەندەکان وزیاتری پێدەبەخشێت بە ئەوپەڕی حیکمەتی زاتی مەزنی)، ^^(ئەلڕەزاق:الرازق // ناوێکی خواى گەورە بە ماناى ڕۆزیدەر دێت واتا ڕزق وڕۆزی دەبەخشێت بە بوونەوەرەکان)
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەنرخی شتومەکان بەرز بوویەوە لەسەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆیە خەڵکی داوایان لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد کە نرخی شتومەکەکان دیاری بکات، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو: «خواى گەورە (ئەلموسەعیر:المسعر)* -و- (ئەلقابیز:القابض)** -و- (ئەلباست:الباسط)^ -و- (ئەلڕەزاق:الرازق)ە^^»، واتا خوای گەورە هۆکار دەڕەخسێنێت بۆئەوەى نرخی شتومەکەکان دابەزێت یان بەرز بێتەوە، وڕزق وڕۆزی فراوان دەکات لەسەر هەرکەسێک بیەوێت وتەنگی دەکاتەوە لەسەر هەرکەسێک بیەوێت، واتا هەرکەسێک بیەوێت نرخەکان دیاری بکات ئەوا دەیەوێت کێبڕکێ لەگەڵ خواى گەورە بکات لەوەى ویستی لەسەرە، ومافەکان لەسەر بەندەکان قەدەغە دەکات لەو شتانەى خواى گەورە بۆیانی دەوێت لە هەرزان کردن یان گران کردنی نرخەکان. پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (من هیوام ئەوەیە کە بگەمە لای خواى گەورە وهیچ یەکێک لە ئێوە داواکاریەکی نەبێت -لە دژی من- لە خوێن وماڵ): ئەمیش ئاماژەیە بۆ ئەو شتەى ڕێگرە لەوەى نرخەکان دیاری بکات ئەمیش بریتیە لە ستەملێکردنیان لە سامانەکانیان، دیاریکردنی نرخەکان ومامەڵەپێکردنیان بە بێ ڕوخسەتی خاوەن وشارەزایانى ستەمە، بەڵام ئەگەر بازرگانەکان ڕێککەوتن لەسەر زیادکردنی نرخەکان بۆ خۆسەپاندن بەسەر خەڵکیدا؛ ئەوا لێرەدا فەرمانڕەوا بۆی هەیە نرخێکی دیاریکراو دابنێت بۆ شتومەکان ئەمیش بۆ بەدیهێنانى دادپەوەری لە نێوان فرۆشیار وکڕیارەکان، ئەمیش وەکو کارکردن بە بنچینە گشتیەکە، بنچینەى هێنانى چاکە وقازانج ولادانى خراپە وزیان، وئەگەر بە ڕێککەوتن نرخەکان بەرز نەکرایەوە بەڵام بەهۆی زۆری داواکردنی شتومەکەکان وکەمی شتومەک بوو، بە بێ فێڵکردن، ئەوا لێرەدا فەرمانڕەوا بۆی نییە نرخەکان دیاری بکات، بەڵکو واز لە خەڵکی دەهێنێت؛ وخواى گەورە ڕزقیان پێدەبەخشێت، بۆیە نابێت بازرگانەکان نرخەکان بەرز بکەنەوە بۆ زیاتر لەوەى ئاساییە ونابێت نرخەکان دیاری بکەن بە ئارەزووی خۆیان، بەڵکو ئەو نرخە دادەنێن کە قازانجەکەى باشە وهەروەها زیان بە کڕیار ناگەیەنێت بە ڕەچاوکردنی باری دارایی وداواکردن لە نێو بازاڕدا، ئەمیش باشترین تێگەیشتنە لەم فەرموودەیە. *(ئەلموسەعیر:المسعر // ناوی خواى گەورە نییە بەڵکو لە کردەوەکانى خواى گەورە بە واتاى ئەوە دێت بەرزکردنەوە ونزمکردنەووەى نرخەکان بە دەستی خواى گەورەیە)، **(ئەلقابیز:القابض // ناوێکی خواى گەورەیە وباشتر وایە لەگەڵ ناوی -ئەلباسیت:الباسِط- باسبکرێت بە مانای ئەوە دێت خواى گەورە ڕزق وڕۆزی وهەرشتێکی بوێت دەیگرێتەوە وقەدەغەی دەکات لەسەر بەندەکان ئەمیش بە ئەوپەڕی حیکمەتی زاتی مەزنی)، ^(ئەلباست:الباسط // ناوێکی خواى گەورە بە ماناى ئەوە دێت خواى گەوڕە ڕزق وڕۆزی فراوان دەکات لەسەر بەندەکان وزیاتری پێدەبەخشێت بە ئەوپەڕی حیکمەتی زاتی مەزنی)، ^^(ئەلڕەزاق:الرازق // ناوێکی خواى گەورە بە ماناى ڕۆزیدەر دێت واتا ڕزق وڕۆزی دەبەخشێت بە بوونەوەرەکان)
لە یەعلای کوڕی ئومەیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- پیاوێکی بینی لە شوێنێکی کراوەدا خۆی دەشۆرد بە بێ ئەوەى ئیزاری* لەبەردا بێت، چووە سەر مینبەر، حەمد وسوپاس وستایشی خواى گەورەی کرد، وپاشان -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: «خوای گەورە بەشەرم وداپۆشەرە (حيي وستير)ە**، شەرم وداپۆشینی (سیترکردنی) خۆشدەوێت، ئەگەر یەکێکتان خۆی شۆرد ئەوا با خۆی دابپۆشێت (لە سەیرکردنی خەڵکی)». *(ئیزار: ئەو جلەیە لە نیوەى خوارەوەى لاشە لەبەردەکرێت وەکو پانتۆڵ وشەڕواڵ وهتد)، **(بەشەرم وداپۆشەر -حيي وستير-: ئەمانە ناوى خواى گەورەن هەروەکو لە بەڵگەکاندا هاتووە، لە هەمان کاتدا سیفەتی خواى گەورەن)
نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوەپێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- پیاوێکی بینی لە شوێنێکی کراوەدا بە ڕووتی خۆی دەشۆرد، چووە سەر مینبەر، حەمد وسوپاس وستایشی خواى گەورەی کرد، وپاشان -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: «خوای گەورە بەشەرم وداپۆشەرە (حيي وستير)ە*، شەرم وداپۆشینی (سیترکردنی) خۆشدەوێت، ئەگەر یەکێکتان خۆی شۆرد ئەوا با خۆی دابپۆشێت (لە سەیرکردنی خەڵکی)»، بەشەرم وداپۆشەر -الحيي والستير-: ئەمانە لە ناوە جوانەکانى خواى گەورە، خواى گەورە شەرم وداپۆشینی -سیترکردنی- خۆشدەوێت، بۆیە نابێت مسوڵمان شەرمگەى (عەورەتی) دەربخات لە پێش خەڵکیدا کاتێک خۆی دەشوات یان لە هەرحاڵەتێکی تردا، بەڵکو پێویستە عەورەتی دابپۆشێت، وخۆی بشارێتەوە لە سەیرکردنی خەڵکی، وشەرم کردنی خواى گەورە سیفەتێکە شایەنی زاتی مەزنی الله یە، وەکو شەرم کردنی بوونەوەرەکان نییە، کە هۆکاری گۆڕانی حاڵ وکز بوونەوەیە لە مرۆڤدا کاتێک دەترسێت یان عەیبێکی باسدەکرێت یان ڕەخنەی لێدەگیرێت یان هەر حاڵەتێکی تر، وسیفەتی شەرم کردن لە خواى گەورە بریتیە لە دووری زاتی مەزنی الله لە شتێک کە نەگونجێت لەگەڵ فراوانى ڕەحمەتی وکامڵی بەخشینی وڕێزلێنانى ومەزنی لێبووردنی. *(بەشەرم وداپۆشەر -حيي وستير-: ئەمانە ناوى خواى گەورەن هەروەکو لە بەڵگەکاندا هاتووە، لە هەمان کاتدا سیفەتی خواى گەورەن)
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە فەرمووی: «ئەگەر بەندەکەم (هێندەى) بستێک لە من نزیک بێتەوە؛ ئەوا من (هێندەى) باڵێک لێی نزیک دەبمەوە، وئەگەر (هێندەى) باڵێک لێم نزیک بێتەوە؛ ئەوا من (هێندەی) دوو باڵ لێی نزیک دەبمەوە، وئەگەر (هێندەى) دوو باڵ لێم نزیک بێتەوە؛ ئەوا من بە خێرایی بەرەو لای دێم».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەگەر بەندە هێندەى بستێک لە پەروەردگار نزیک بێتەوە؛ ئەوا خواى گەورە هێندەى باڵێک لەو بەندەیە نزیک دەبێتەوە، وئەگەر بەندە زیاتر لەوەى پێشوو لە خودا نزیک بێتەوە؛ ئەوا خواى گەورە زیاتر لەمەى دواتریش لە بەندە نزیک دەبێتەوە، وئەگەر بەندە بێت بۆ لای پەروەردگاری ئەوا خواى گەورە بە خێراتر بۆ لای ئەو دێت، ونزیک بوون وهاتن دوو سیفەتی خواى گەورە وجێگیرکراون لە بەڵگەکانى قورئان وسونەتدا؛ باوەڕمان پێیان هەیە بە بێ لێکدانەوەى چۆنیەتی وبە بێ چواندنی بە بوونەوەرەکان وبە بێ پەکخستنی واتا ڕاستەقینەکەى وبە بێ لادانى لە واتا ڕاستەقینەکەى.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «الحمد لله (حەمد وسوپای بۆ ئەو خودایەى) بیستنی هەموو دەنگەکانی گرتووەتەوە (هەموو شتێک دەبیستێت)، خەولە هات بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- سکاڵای دەکرد سەبارەت بە مێردەکەى، نەمدەزانی چی دەڵێت (بەهۆی نزمی دەنگیەوە)، پاشان خواى گەورە (ئەم ئایەتەى) دابەزاند: {قَدْ سَمِعَ ٱللَّهُ قَوْلَ ٱلَّتِى تُجَـٰدِلُكَ فِى زَوْجِهَا وَتَشْتَكِىٓ إِلَى ٱللَّهِ وَٱللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَآ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌۢ بَصِيرٌ} [المجادلة: 1] واتە: {بەڕاستی خودا بیستی ووتەی ئەو ژنەی کە لە بارەی مێردەکەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەکردی وە سکاڵای خۆی بۆ لای خودا دەبرد وە خوا گوێی لە وتووێژی ھەردووکتان بوو بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە}».
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - بوخاری گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەخەولەى کچی سەعلەبە -ڕەزاى خواى لێبێت- خێزانى ئەوسی کوڕی سامت بوو، (سەعلەبە) پێی ووت: تۆ بۆ من وەکو پشتی دایکمی، واتا: تۆ لەسەر من حەرامیت (کە مارەییت لەگەڵدا بکەم)، ئەویش (خەولە) چوو بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەمەى بۆی باسکرد، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (قد حرمت عليه) واتە: (تۆ حەرامبوویت لەسەر ئەو)، (خەولە) بە دەنگێکی نزمەوە بۆئەوەى دەنگی لە عائیشە بشارێتەوە دەیووت: پاش ئەوەى بەتەمەن بووم؛ ئەمەم پێدەڵێت؟ سکاڵا بۆ لای خواى گەورە دەکەم سەبارەت بە منداڵەکانم ئەگەر لای من برسین؛ لای ئەو بن تیا دەچن، ئەمە گفتوگۆ کردنەیەتی لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- کە خواى گەورە باسیکردووە لە قورئانی پیرۆزدا کە دەفەرموێت: {قَدْ سَمِعَ ٱللَّهُ قَوْلَ ٱلَّتِى تُجَـٰدِلُكَ فِى زَوْجِهَا وَتَشْتَكِىٓ إِلَى ٱللَّهِ وَٱللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَآ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌۢ بَصِيرٌ} [المجادلة: 1] واتە: {بەڕاستی خودا بیستی ووتەی ئەو ژنەی کە لە بارەی مێردەکەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەکردی وە سکاڵای خۆی بۆ لای خودا دەبرد وە خوا گوێی لە وتووێژی ھەردووکتان بوو بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە}. عائیشە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: (الحمد لله -حەمد وسوپای بۆ ئەو خودایەى- بیستنی هەموو دەنگەکانی گرتووەتەوە -هەموو شتێک دەبیستێت-): بیستنی خواى گەورە هەموو شتەکانى گرتووتەوە وبۆیە هیچ شتێکی لێ ناشاردرێتەوە ئەگەر دەنگیشی زۆر زۆر نزم بێت. (خەولە هات بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- سکاڵای دەکرد سەبارەت بە مێردەکەى، نەمدەزانی چی دەڵێت -بەهۆی نزمی دەنگیەوە-، پاشان خواى گەورە (ئەم ئایەتەى) دابەزاند: {قَدْ سَمِعَ ٱللَّهُ قَوْلَ ٱلَّتِى تُجَـٰدِلُكَ فِى زَوْجِهَا وَتَشْتَكِىٓ إِلَى ٱللَّهِ وَٱللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَآ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌۢ بَصِيرٌ} [المجادلة: 1] واتە: {بەڕاستی خودا بیستی ووتەی ئەو ژنەی کە لە بارەی مێردەکەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەکردی وە سکاڵای خۆی بۆ لای خودا دەبرد وە خوا گوێی لە وتووێژی ھەردووکتان بوو بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە} ): واتا کاتێک خەولە هات سکاڵای لەسەر پیاوەکەى کرد لە لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بە دەنگێکی نزم قسەی لەگەڵدا دەکرد؛ عائیشە هەرچەندە لێیانەوە نزیک بوو نەیدەزانى باسی چی دەکات، لەگەڵ ئەمەشدا خواى گەورە لە سەرووی ئاسمانەوە؛ بیستی وئەم ئایەتەى دابەزاند، وئەمیش بەهێزترین بەڵگەیە لەسەر سیفەتی بیستن بۆ خواى گەورە، وئەمیش بابەتێکی هەقیقەتە ویەکلایی بووەتەوە لە ئاینی ئیسلامدا، وتەنها کەسانی گومڕا ولادەر لە ڕێبازی ڕاست نکۆڵی لێدەکەن. وقسەکەى عائیشە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە هاوەڵان باوەڕیان بە دەقەکان هەبوو بەو شێوەیەی ئاشکرا ودیارە لێی تێبگەین، ئەمیش ئەوەیە کە خواى گەورە دەیەوێت لە پێغەمبەران وهاوەڵان وهەموو ئیماندارێک، ئەگەر ئەم بیروباوەڕیان هەڵە بووایە لە سەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوا خواى گەورە ئایەتی دادەبەزاند یان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە وەحی پێیانی ڕادەگەیاند وبیروباوەڕیانی ڕاست دەکردەوە، وهیچ یەکێک لە هاوەڵان نەهاتوون ئەم دەقانەى کە باسی سیفات وکردارەکانى خواى گەورە دەکات؛ لایبدەن لە مانا ئاشکرا ودیارەکەى یان لێکدانەوەیەکی تری بۆ بکەن یان بیچوێنن بە دروستکراوەکان یان واتا ئاشکراکان پەکبخەن، نە لە هیچ گێرانەوەیەکی سەحیح ونە لە هیچ گێڕانەوەیەکی لاوازدا ئەمە نەهاتووە؛ هەرچەندە هاندەرەکان بۆ باسکردنی ئەم مەسەلەیە بوونی هەبووە.
لە حوزەیفەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە دەیخوڵقێنێت هەموو دروستکارێک وئەوەى دروستی دەکات».
ئیبنو ئەبی عاسم گێڕاویەتیەوە - ئیبنو مەندە لە كتێبی تەوحیدا گێڕاویەتیەوە - بوخاری گێڕاویەتیەوە لە دروستکردنی کردەوەکانی بەندەکانخواى گەورە دەیخوڵقێنێت هەموو دروستکارێک وئەوەى دروستی دەکات وئەنجامی دەدات لە کردەوەکان، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە کردەوەکانى بەندەکان دروستکراوە، خواى گەورە بوونەوەر وکردەوەکانیانی خوڵقاندووە، ئیبن تەیمیە -ڕەحمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: (هەر دروستکراوێک -مەخڵوقێک- لە ئاسمان وزەویدا؛ خواى گەورە دروستی کردووە، هیچ خوڵقێنەرێک -خالقێک- نییە جگە لە ئەو زاتە وهیچ پەروەردگارێک نییە جگە لە ئەو زاتە، وفەرمانى کردووە بە گوێڕایەڵیکردنی وگوێڕایەڵیکردنی پێغەمبەرانی ونەهی کردووە لە سەرپێچیکردنی فەرمانەکانى، خواى گەورە تەقوادارانی خۆشدەوێت، وچاکەکارانی خۆشدەوێت، ودادپەروەرانی خۆشدەوێت، وڕازی دەبێت لەوانەى ئیمانیان هێناوە وکردەوەى چاکیان ئەنجامداوە، وکافر وموشریکەکانى خۆش ناوێت، ولە کەسە فاسق وتاوانبارەکان ڕازی نابێت، وخواى گەورە فەرمان ناکات بە خراپەکاری وڕازی نابێت بەندەکانى کوفر بکەن، وخراپەکاری وتاوانى خۆش ناوێت، وبەندەکان لە ڕاستی وهەقیقەتدا کردەوەکان جێبەجێ دەکەن وخواى گەورە کردەوەکانى دروست کردووە، وبەندەکان توانای زاڵبوونیان هەیە بەسەر کردەوەکانیان و ویستیان هەیە لەسەر ئەنجامدانیان -واتە: بە زۆر وناچاری ئەنجامی نادەن-، وخواى گەورە خوڵقێنەریانە وخوڵقێنەری توانا و ویستیانە هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: {لِمَن شَآءَ مِنكُمْ أَن يَسْتَقِيمَ (81) وَمَا تَشَآءُونَ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلْعَـٰلَمِينَ (82)} [التکویر] واتە: {بۆ ئەو کەسانەی کە بیانەوێت بە ڕێگای ڕاستدا بڕۆن لە ئێوە (81) ویستی ئێوەش نایەتە دی مەگەر کاتێک پەروەردگاری هەموو جیهان بیەوێت (82)}.