





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە حوزەیفەی کوڕی یەمانەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- دەفەرموێت: «سوێند بە ئەوەی کە نەفسی منی بە دەستە، یان ئەوەتا فەرمان بە چاکە دەکەن ونەهی لە خراپە دەکەن؛ یان نزیکە لە ئەوەی کە خوای گەورە سزایەک بنێرێتە سەرتان لە لایەن خۆیەوە، پاشان ئێوە نزا دەکەن و وەڵامتان نادرێتەوە».
تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە(سوێند بە ئەوەی کە نەفسی منی بە دەستە): لێرەدا پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- سوێند بە خودا دەخوات بەوەى کە نەفسی هەموو بەندەکان لە ناو دەستی ئەوە؛ ئەگەر بیەوێت هیدایەتی دەدات یان گومڕای دەکات، یان دەیمرێنیت یان دەیژێنێت. هیدایەت وگومڕا کردن بە دەستی خودایە، مردن وژیان وبەڕێوەبردنی ژیانی بوونەوەرەکان هەموو بە دەستی ئەو زاتەیە، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت:{وَنَفۡسٖ وَمَا سَوَّىٰهَا(7) فَأَلۡهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقۡوَىٰهَا (8)}[الشمس]،واته:{وسوێند بە نەفسی ئادەمی وئەو زاتەیشی کە ڕێك وپێك بەدیھێناوە (7) ئەمجا ڕێگای چەوت وخراپە وڕێگای چاك وخوا پەرستی پێ پیشاندا (8)}، هەموو نەفسەکان لە ناو دەستی خودایە، بۆیە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- ئەم جۆرە سوێندەی زۆر دەخوارد: (والذي نفسي بيده - سوێند بە ئەوەی کە نەفسی منی بە دەستە)، وجاری وایە دەیفەرموو: (والذي نفس محمد بيده - سوێند بە ئەوەی کە نەفسی موحەمەدی بە دەستە)، چونکە نەفسی موحەمەد پاکترین بۆیە بەم جۆرە سوێندی دەخوارد. پاشان باسی ئەو شتەی کرد کە سوێندی خوارد سەبارەتی ئەویش ئەوەیە کە فەرمان بە چاکە ونەهی لە خراپە بکەین، ئەگەر وا نەکەین ئەوا خودا تووشی سزایەکی گشتیمان دەکات، وداوا دەکەین ودەپاڕێینەوە ئەم سزایە لاناچێت، وئەمیش ئاماژەیە بۆ گرنگی فەرمان بە چاکە وەکو نوێژکردن وزەکاتدان ودانەوەى مافەکان، ونەهی لە خراپە وەکو زینا وڕیبا وهەموو تاوانەکانی تر، وبە دەست ئەم گۆڕانکاریانە دەکرێت بۆ کەسێک دەسەڵاتی هەبێت وەکو باوک وپیاوانى چاودێری کردنی کۆمەڵگا (الحِسبة) وپۆلیس، یان بە قسە ئەمیش هەموو کەسێک دەگرێتەوە، یان بە دڵ ئینکاری لە خراپە بکات لە گەڵ دوورکەوتنەوە لە شوێنی خراپەکە، وئەمەی کۆتاییش بۆ کەسێکە کە نەتوانێت بە دەست یان قسە ئینکاری بکات.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- كە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەموو جومگەیەک لە جومگەکانی لاشەی مرۆڤ خێرێکی لەسەرە، هەموو ڕۆژێک کە خۆری تێدا هەڵبێت ؛ دادپەروەری بكات لە نێوان دوو کەسدا ئەمە خێرێکە، ویارمەتی کەسێک بدات بۆئەوەی خۆی یان شتومەکەکانی بخاتە سەر ئاژەڵەکەی ئەمە خێرێکە، وتەی جوان وشیرین خێرێکە، وهەموو هەنگاوێک بنێت بۆ نوێژکردن (لە مزگەوت) خێرێکە، وئازار لەسەر ڕێگاوبان لابدات خێرێکە».
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە هەموو مسوڵمانێك كە ئەركە شەرعیەكانی لەسەر واجبە دەبێت بەرامبەر هەر جومگەیەك لە جومگەكانی لاشەی خێری سونەت بكات لەپێناو خوای گەورە -سبحانه وتعالی-، ئەمیش بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری لەسەر لەش ساغبوونی، و لەسەر ئەوەی دەتوانێت جومگەكانی گرژ وخاو بكاتەوە، ئەم خێركردنە بە هەموو كارە چاكەكان دێتە دی، ونەوەستاوە تەنها لەسەر بەخشینی پارە، لەوانەیش: ناوبژیوان وپێکهێنانەوەی ئەوانەی ناکۆکن لە نێو یەکدا خەیر وچاکەیە یارمەتیدانی ئەو كەسەی ناتوانێت بچێتە سەر سواریەكەی یان ناتوانێت شتومەكانی بخاتە سەر سواریەكەی ؛ خێرە وچاکەیە قسەی جوان وشیرین لە زیكر ونزا كردن وسەلامكردن وهتد ؛ خێرە وچاکەیە هەموو هەنگاوێك دەینێت بەرەو مزگەوت ؛ خێرە وچاکەیە لابردنی شتی ئازاردەر لەسەر ڕێگاوبانەكان ؛ خێرە وچاکەیە
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەوان پێشنوێژیتان بۆ دەکەن، ئەگەر بە جوان وڕێکی ئەنجامیان دا؛ ئەوا پاداشت بۆ ئەوان وئێوەیش هەیە، ئەگەر کەموکورتیان تێدا کرد؛ ئەوا تاوان لەسەر ئەوان وپاداشت بۆ ئێوە هەیە».
بوخاری گێڕاویەتیەوەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەواڵی ئەوە دەدات کە هەندێک فەرمانڕەوا (ئەمیر) پێشنوێژیتان بۆ دەکەن، ئەگەر بە جوانی وڕێکی ئەنجامیان دا؛ ئەوا پاداشت بۆ ئەوان وئێوەیە، وئەگەر کەموکورتیان هەبوو؛ ئەوا تاوان لەسەر ئەوانە وپاداشت بۆ ئێوەیە، ئەگەرچی ئەمە باسی فەرمانڕەوایە بەڵام ئیمام وپێشنوێژەکانى مزگەوتیش دەگرێتەوە، هەریەکێکیان بە پێی جوان وڕێکی وکوموکورتی ئەنجامدانى نوێژەکەى، فەرموودەکە ئاماژەی ئەوەى تێدایە کە پێویستە سەبر وئارامگرتن هەبێت لەسەر کاربەدەستان ئەگەرچیش نوێژەکانیان کەموکورتی تێدا بێت وئەگەرچیش لە کاتی خۆیدا نوێژ نەکەن، لەم حاڵەتەدا نابێت لێیان دەربچین وکاتی نوێژی جەماعەت هەندێک دوا دەخەین وەکو ئەوان، وئەمەش عوزری شەرعیە بۆ دواخستنی نوێژ کە مەبەست لێی پاراستنی یەکڕیزی مسوڵمانانە و وەکو ئەوە وایە لە سەرەتای کاتدا نوێژمان کردبێت، ومەرجەکە بەندە بەوەى کە نابێت بگاتە حاڵەتێک کە کاتی نوێژەکە دەربچێت، دەرچوون دژی کاربەدەستان ودوور کەوتنەوە لێیان وخەڵک هاندان لە دژیان وبڵاوکردنەوەى خراپەکانیان ئەمانە هەمووی پێچەوانەى ئاینی ئیسلامن.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت-دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە ماڵەکەمدا دەیفەرموو: «ئەی خودایه، هەركەسێک کرایە کاربەدەست لەسەر کاروبارەکانى ئومەتەکەم، وتوند وتیژ بوو وکاری لە سەریان قورس کرد؛ تۆیش تۆڵەی لێبسێنە وکاری لەسەر قورس بکە، وهەركەسێک کرایە کاربەدەست لەسەر کاروبارەکانى ئومەتەکەم، وسادە ونەرم ونیان بوو وکاری لە سەریان ئاسان کرد؛ تۆیش ڕەحمی پێبکە وکاری لەسەر ئاسان بکە».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە مەزنی مەسەلەی فەرمانڕەوایی کردن ڕووندەکاتەوە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نزای کرد بەوەى: کە هەرکەسێک بێتە بەرپرسیار وکاربەدەست بە سەر هەر کاروبارێک لە کاروبارەکانى ئەم ئومەتە وکارەکانیان لەسەر قورس بکات؛ ئەوا خواى گەورە کارەکانى لەسەر قورس بکات، وئەوەى بە دادپەروەری وڕەحمەت ونەرم ونیانی وئاسانی کارەکانیانی جێبەجێ کرد؛ ئەوا خواى گەورە لەسەر ئەمە پاداشتی دەداتەوە، وپاداشت لە ڕەگەزی کردەوەکانە.
زوبەیری کوڕی عەدی دەڵێت: هاتین بۆ لای ئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزاى خواى لێبێت- وسکاڵامان بۆ لای هێنا بەهۆی ستەمی حەجاجەوە، ئەویش ووتی: «ئارام بگرن، هەر سەردەمێک بێت ئەوەى پاش خۆی لەوە شەڕتر وخراپترە؛ هەتا دەگەنە لای پەروەردگارتان»، ئەمەم لە پێغەمبەرتانەوە بیست -صلى اللە علیە وسلم-.
بوخاری گێڕاویەتیەوەزوبەیری کوڕی عەدی وکۆمەڵێک کەس هاتن بۆ لای ئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزای خوای لێبێت- کە خزمەتکاری پێغەمبەر بوو -صلى اللە علیە وسلم-، سکاڵای ستەمی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفیان دەکرد، کە میری یەکێک لە خەلیفەکانى بەنی ئومەیە بوو، زۆر سەرکەش وملهوڕ بوو وبە ستەم وخوێن ڕشتن ناسراو بوو، ئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- فەرمانی پێکردن بە ئارام گرتن لەسەر ستەمی کاربەدەستان، وهەواڵی ئەوەى پێدان کە هەر سەردەمێک بێت ئەوەى لە پاش خۆی دێت شەڕترە هەتا دەگەنە لای پەروەردگارتان، ولە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەی بیستووە، وئەم شەڕە بە شێوەیەکی گشتگیر وبێ سنوور نیە بەڵکو لەوەیە لە هەندێک سەردەم وشوێندا خێری تێدا بێت ولە هەندێک سەردەم وشوێنی تردا شەڕی تێدا بێت بەڵام بە شێوەیەکی گشتی شەڕ وناخۆشی گوزەران زۆرتر دەبێت لە خێر وخۆشی گوزەران.
لە وائیلی حەزرەمیەوە دەڵێت: سەلەمەى کوڕی یەزیدی جوعفی -ڕەزای خوای لێبێت- پرسیاری لە پێغەمبەری خودا کرد -صلى اللە علیە وسلم-؛ ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، پێمان بڵێ ئەگەر هەندێك فەرمانڕەوا کاربەدەست بن بەسەرمانەوە وداواى مافی خۆیان لە ئێمە بکەن، ومافى ئێمە نەدەن، ئایا فەرمانى چیمان پێدەکەیت؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕووی لێ وەرگێڕا، پاشان پرسیارەکەى دووبارە کردەوە ولە دووەم یان سێیەم جاردا؛ ئەشعەسی كوڕی قەیس ڕایكێشا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «گوێڕایەڵ بن وفەرمانەکان جێبەجی بکەن، ئەوان تەنها بەرپرسیارن لەسەر ئەركەكانیان، وئێوەیش تەنها بەرپرسیارن لەسەر ئەركەكانتان».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێكرا سەبارەت بەو كاربەدەستانەی كە داوای مافی خۆیان دەكەن لە خەڵكی؛ مافی گوێڕایەڵی وفەرمانبەرداری، لەكاتێكدا ئەو مافەی لەسەریانە جێبەجێی ناكەن؛ لە سەپاندنی دادپەروەری وبەخشینی دەستكەوت وگەڕانەوەی ماف بۆ ستەملێكراو ویەكسانی، ئایا چۆن هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەین؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕووی لێی وەرگێڕا؛ وەكو ئاماژەیەك بۆئەوەی حەز بەم بابەتانە ناكات، بەڵام پرسیاكار بۆ جاری دووەم وسێیەمیش هەمان پرساری لێكرد، بۆیە ئەشعەسی كوڕی قەیس -ڕەزای خوای لێبێت- پرسیاركاری بەلای خۆیدا ڕایكێشا بۆئەوەی بێدەنگی بكات. بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دواجار وەڵامی دایەوە وفەرمووی: گوێڕایەڵی قسەكانیان بن، وفەرمانەكانیان جێبەجێ بكەن؛ ئەوان تەنها بەرپرسیارن لەسەر ئەركەكانیان لە دادپەروەری وپێدانی مافی خەڵكی، وئێوەیش تەنها بەرپرسیارن لەسەر گوێڕایەڵی وجێبەجێكردنی مافەكان وئارامگرتن لەسەر ناڕەحەتیەكان.
لە عەدی کوڕی عەمەیرەی کیندی -ڕەزاى خواى لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەر کەسێکمان له ئێوه کرده كاربەدەست، ودەرزیيەكى دروومان يان زیاترى لێ شاردینەوە ئەوە خیانەتە وله ڕۆژی قيامەتتدا گيرۆدە دەبێت (وەکو دز حسێبی بۆ دەکرێت)»، پیاوێکی ڕەش پێست له ئەنساڕیەکان هەستا، وەکو ئەوە وابێت ئێستا لەبەرچاومدایە، و ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، ئەو ئەرکەم لێوەربگرەوە که پێت سپاردووم، فەرمووى: «تۆ چیت دەوێت؟»، ووتى: لە تۆوە بیستوومە کە ئەوه وئەوەت فەرمووە، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووى: «من ئێستاش دەیڵێم: ھەرکەسێکمان له ئێوه کرده كاربەدەست؛ با (ھەرشتێکی دەستکەوت) كەم وزۆریمان بۆ بهێنێت، ئەوەی كه پێى دەدرێت وەریبگرێت, وئەوەيشی پێی نادرێت دەستى لێهەڵبگرێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەهەرکەسێک لە ئێوەمان کردە بەرپرسیار لەسەر کۆکردنەوەى پارەی وسامانى زەکات وغەنیمە ودەستکەوت وجگە لە ئەوانە، ئەگەر دەرزییەکی دروومان یان شتێکی لەوە بچووکتریشمان لێ بشارێتەوە وبۆ خۆی بیبات ئەوا لە رۆژی قیامەتدا گیرۆدە دەبێت و وەکو دز حسێبی بۆ دەکرێت، واتە تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوە ولێپرسینەوەى لەسەر هەیە، پیاوێک لە ئەنساڕ هەستا داواى ڕوخسەتی کرد بۆ وازهێنان لەو ئەرکەى کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی سپاردووە کە ئەنجامی بدات، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: تۆ چیت دەوێت؟. پیاوەکە ووتی: گوێم لێبووە ئەوە وئەوەت فەرمووە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: من ئێستاش دەیڵێم، هەرکەسێک لە ئێوەمان کردە بەرپرس وکاربەدەست لە سەر کاروبارێک ئەوا با ئەوەى دەستی کەوت بیهێنێت ئەگەر کەم یان زۆر بێت، ئەوەى پێی بەخشرا ئەوا با بیبات، وئەوەى پێی نەبەخشرا ئەوا دیارە مافى ئەو نەبووە بۆیە با دەستی لێهەڵبگرێت.
لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئاین (ئاینداری) ئاسانە، هەرکەسێک ئاینداری لەسەر خۆی گران بکات وبە زیادەڕەوی وزۆر بە توندی بیگرێت؛ ئەوا ئاینەکە کۆڵی پێدەدات، جا بۆیە ڕێگای ڕاست بگرن وئەوەندەی بۆتان دەکرێت لە ئەنجامدانى چاکەکاری درێغی مەکەن، وموژدەتان لێبێت، وتێبکۆشن بۆ خودا پەرستی لە بەیانیان وپاش نیوەڕوان وكاتێك لە شەواندا».
(البخاري) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە كە ئاینی ئیسلام لەسەر ئاسانكاری بنیات نراوە لە هەموو شتێكیدا، وئەم ئاسانكاریە زیاتر جەختی لەسەر دەكرێتەوە لەكاتی بێ توانایی وپێویستی، چونكە قووڵبوونەوە لە كاروبارە ئاینیەكاندا ودووركەوتنەوە لە نەرمونیانی سەرەنجامەكەی بێ توانایی وپچڕان دەبێت لە هەموو كردەوەكە یان هەندێكی، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاری كرد بە میانڕەو بوون وزیادەڕەوی نەكردن؛ بۆیە نابێت بەندە كەمتەرخەم بێت لەوەی فەرمانیپێكراوە، ونابێت ئەركێك بخاتە سەرشانی خۆی كە لە توانایدا نەبێت، ئەگەر نەیتوانی كردەوەكە بە كامڵی ئەنجام بدات؛ ئەوا هێندەی ئەنجام دەدات كە لە توانایدایە ولە كامڵێتی نزیك دەبێتەوە. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی دا بە پاداشتی زۆر لەسەر كردەوەی بەردەوام ئەگەرچیش كردەوەكە كەم بێت دەرهەق بە ئەوانەی ناتوانن بە كامڵی ئەنجامی بدەن؛ چونكە ئەگەر خۆی هۆكار نەبێت بۆ بێ توانایی ئەوا پاداشتی كەم ناكرێتەوە. ودونیا لەڕاستیدا شوێنی سەفەركردن وگواستنەوەیە بەرەو قیامەت بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیكردووە بە بەردەوامبوون لەسەر پەرستنەكان بەتایبەتی لەو سێ كاتەی مرۆڤ تێیاندا چالاكە: یەكەم: بەیانی: بە ڕۆیشتن لە نێوان نوێژی بەیانی ودەرچوونی خۆر. دووەم: پاش نیوەڕوان: بە ڕۆیشتن لە پاش زەوال -پاش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان-. سێیەم: شەوان: بە ڕۆیشتن لە هەموو شەودا یان لە هەندێكیدا، چونكە كردەوەی شەو قورسترە لە كردەوەی ڕۆژ بۆیە فەرمانیكردووە بە ڕۆیشتن لە بەشێكیدا كاتێك دەفەرموێت: (وكاتێك لە شەواندا).
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «دەبێت گوێڕایەڵ بیت وفەرمانەکان جێبەجێ بکەیت: لە کاتی ناڕەحەتی وهێوریدا، ولە کاتى جێبەجێکردنی فەرمانەکە بە چالاکیەوە یان بە ناچارییەوە، ولە کاتێک کە مافت دەخورێت».
موسلیم گێڕاویەتیەوەئەم فەرموودەیە ڕێنموێنی ئەوە دەکات کە پێویستە مسوڵمان گوێڕایەڵ بێت وفەرمانەکان جێبەجێبکات لە هەموو حاڵەتێکدا، ئەگەر فەرمانەکە تاوان وسەرپێچی کردنی فەرمانەکانى خواى گەورە نەبێت، یان شتێک نەبێت کە لە توانایدا نەبێت، بەڵام ئەگەر هەندێک جار تووشی قورسی وناڕەحەتی یان خواردنی هەندێک لە مافەکانى بوو دەبێت سەبر وئارام بگرێت ئەمیش بەهۆی پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی مسوڵمانان وپاراستنی وڵات وخاکی مسوڵمانان لە فیتنە وئاژاوە وناکۆکی.