





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «حەفتا کەسم لە ئەهلی سوفە بینی، هیچ یەکێکیانم نەبینی کە کراسی لەبەردا بێت (کە بەشی سەرەوەى لاشە دابپۆشێت)، یان ئیزار (جلی نیوەى خوارەوەى لاشە) یان چارۆکەیان لەبەردابوو بە ملیانەوە بەستبوویان؛ تێیاندا بوو گەیشتبوو بە نیوەی ساقەکانى وتێیاندا بوو گەیشتبوو بە قولەپێکانى، وهەندێک بە دەستی کۆی دەکردەوە وهەڵیدەگرت بۆ ئەوەى عەورەتی دەرنەکەوێت».
بوخاری گێڕاویەتیەوەئەهلی سوفە لە هاوەڵانی پێغەمبەرن -صلى الله عليه وسلم- بوون لە کۆچکەرە هەژارەکان کە خاک وماڵی خۆیان جێهێشت لە مەککە وکۆچیان کرد بەرەو مەدینە لە پاش ئەوەى خاکی خۆیان خۆشەویستتر شوێن بوو بەلایانەوە. وئەهلی سوفە زیاتر لە حەفتا پیاو دەبوون، وسوفە شوێنێک بوو کە سێبەری تێدا بوو لە گۆشەیەکی مزگەوتی پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- کە لەوێدا هەژاران لە کۆچکەرەکان دەخەوتن. ئەو جلەی کە لەبەریان دەکرد لە هاوین وزستاندا ئەبو هورەیرە -ڕەزای خوای لێبێت- باسی دەکات وخۆی یەکێک بوو لە ئەوان، دەڵێت: (هیچ یەکێکیانم نەبینی کە کراسی لەبەردا بێت -کە بەشی سەرەوەى لاشە دابپۆشێت-): واتا بۆ ئەوەى یەکێکیان کراس بپۆشێت لە بەشی نیوەى سەرەوەى لاشە ئەوا پێویست بوو لە خوارەوەى ئیزار بپۆشێت بۆئەوەى نیوەى خوارەوەى لاشەیشی داپۆشراو بێت، کراس بۆ نمونە ئەمڕۆ وەکو -قەمیس وچاکەت- دەگرێتەوە، وئەبو هورەیرە باسی ئەوە دەکات کەسیان کراسێکی نەدەدۆزیەوە بۆ ئەوەى لەبەری بکات، بەڵکو یەک پارچە جل لەبەریاندا بوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە جاری وابوو هەتا نیوەى ساقیان یان تۆزێک لە خوارتر بوو. ودەڵێت: (یان چارۆکەیان لەبەردابوو بە ملیانەوە بەستبوویان): واتا جلەکانیان دەبەست بە ملیانەوە هەروەکو چۆن منداڵ جلەکانى دەبەسترێتەوە لەلای ملەوە ئەمیش چونکە جلەکە وەکو پێویست نەبوو بۆ پۆشین. (تێیاندا بوو گەیشتبوو بە نیوەی ساقەکانى): واتا درێژی ئەم چارۆکانە لە شانەوە هەتاوەکو لای نیوەى ساقەکان بوو؛ واتا لەسەرەوەى قولەپێکان ولە ژێرەوەى ئەژنۆکان. (وتێیاندا بوو گەیشتبوو بە قولەپێکانى، وهەندێک بە دەستی کۆی دەکردەوە وهەڵگیدەگرت بۆ ئەوەى عەورەتی دەرنەکەوێت): واتا لە کاتی نوێژدا جلەکانى کۆدەکردەوە لە کاتى ڕکوع وسوجدە بردن بۆ ئەوەى عەورەتی دەرنەکەوێت، ئەمیش حاڵی زۆربەی هاوەڵان بوو -ڕەزای خوایان لێبێت-، لەسەر هەژاری وپێویستی ژیان وخوویان نەگرت بە دونیا وڕازاوەکانی، وهەتا تەنانەت کاتێک دونیاشیان هاتە بەردەست خۆیان پێوە سەرقاڵ نەکرد، بەڵکو لەسەر قەناعەت وزوهدی خۆیان مانەوە، هەتاوەکو گەڕانەوە بۆ لای خواى گەورە -سبحانه وتعالى-.
لە ئیبن مەسعودەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پیاوێکی ماچی ئافرەتێکی کرد، هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- وئەمەى بۆ باسکرد، خواى گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند: {وَأَقِمِ الصَّلَاةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ وَزُلَفًا مِّنَ اللَّيْلِ ۚ إِنَّ الْحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ} [هود: 114] واتە: {وە نوێژ ئەنجام بدە لەم سەر و ئەوسەری ڕۆژدا (لەبەیانیان و ئێواراندا) و لە بەشێک لەشەودا چونکە بەڕاستی (کردەوە) چاکەکان (کردەوە) خراپەکان لادەبەن ودەیانسڕنەوە}»، پیاوەکە ووتی: ئایا ئەم ئایەتە سەبارەت بە من دابەزیووە؟ ئەویش فەرمووی: «بۆ هەموو ئومەتەکەم، هەموویان».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئیبن مەسعود -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پیاوێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- بەناوى (ئەبو الیسر) ماچی ئافرەتێکی نامەحرەمی کرد، وپەشیمان بوویەوە لەم کارە وهات بۆ لای پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- وباسی ئەمەى بۆی کرد، لە پاش ئەمە خواى گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند: : {وَأَقِمِ الصَّلَاةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ}: واتا نوێژ ئەنجام بدە لەم سەر و ئەوسەری ڕۆژدا (لەبەیانیان و ئێواراندا)، مەبەست نوێژی بەیانی وعەسرە، {وَزُلَفًا مِّنَ اللَّيْلِ}: واتا هەروەها ئەو دوو نوێژە ئەنجام بدە کە لە سەرەتای شەودا هەن کە ئەوانیش نوێژی مەغریب وعیشان. {إِنَّ الْحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ}: واتا ئەم پێنجە نوێژە هۆکارە بۆ لێخۆشبوون لە تاوانە بچووکەکان، ولە نێو ئەو تاوانانەش ئەوەى ئەم پیاوە کردی، پیاوەکە ووتی: (ئایا ئەم ئایەتە سەبارەت بە من دابەزیووە؟): واتا ئایا ئەم لێخۆشبوونە تایبەت بە من یان بۆ هەموو خەڵکی. ئەویش -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: (بۆ هەموو ئومەتەکەم، هەموویان): واتا ئەم پێنج نوێژە هۆکارن بۆ لێخۆشبوون لە هەموو تاوانە بچووکەکان بۆ هەموو ئومەتەکەم. ولە گێڕانەوەیەکی تردا -صلى الله عليه وسلم- دەفەرموێت: ((«ما من مسلم يذنب ذنبًا ثم يتوضأ فيصلي ركعتين ثم يستغفر الله تعالى لذلك الذنب إلا غفر له» واتە: «هەر مسوڵمانێک گوناهێک بکات پاشان دەستنوێژ بگرێت ودوو ڕکات نوێژ بکات وداواى لێخۆشبوون لە خواى گەورە بکات لەو گوناهە؛ ئەوا (خواى گەورە) لە گوناهەکەى خۆش دەبێت» پاشان ئەم دوو ئایەتەی خوێندەوە: {وَمَن يَعْمَلْ سُوٓءًا أَوْ يَظْلِمْ نَفْسَهُۥ ثُمَّ يَسْتَغْفِرِ ٱللَّهَ يَجِدِ ٱللَّهَ غَفُورًا رَّحِيمًا} [النساء: 110] واتە: {وە ھەرکەسێک کردەوەیەکی خراپ بکات یان ستەم لە خۆی بکات پاشان داوای لێخۆشبوون لە خوا بکات دەبینێت خوا لێبوردە و میھرەبانە}، {وَٱلَّذِينَ إِذَا فَعَلُوا۟ فَـٰحِشَةً أَوْ ظَلَمُوٓا۟ أَنفُسَهُمْ ذَكَرُوا۟ ٱللَّهَ فَٱسْتَغْفَرُوا۟ لِذُنُوبِهِمْ وَمَن يَغْفِرُ ٱلذُّنُوبَ إِلَّا ٱللَّهُ وَلَمْ يُصِرُّوا۟ عَلَىٰ مَا فَعَلُوا۟ وَهُمْ يَعْلَمُونَ} [ال عمران: 135] واته: {وە ئەوانەی کە کاتێک کردەوەیەکی ناشیرین دەکەن یان ستەم لە خۆیان دەکەن کە یادی خوایان کردەوە ئەمجا داوای لێبووردن دەکەن بۆ گوناھەکانیان ئایا کێ دەبوورێت لە گوناھەکان بێجگە لە خوا؟ وە بەردەوام نابن لەسەر ئەوەی کە کردوویانە لە کاتێکدا بزانن (گوناھە)} )) [رواه أحمد: 47]. وئەمیش لە فراوانى ڕەحمەتی خواى گەورەیە کە پێنج نوێژە فەرزەکان وهەروەها نوێژە سونەتەکان هۆکارن بۆ لێخۆشبوون لە تاوانەکان ئەگەر نا هەمووی تیا دەچوو.
لە ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، تاوانێکم کردووە دەبێت سنوورم لەسەر جێبەجێ بکرێت؛ بۆیە لەسەرمی جێبەجێ بکە، وئامادەى نوێژکردن بوو، لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نوێژی کرد وکاتێک نوێژکردن تەواو بوو، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، تاوانێکم کردووە کە دەبێت سنوورم (حەدم) لەسەر جێبەجێ بکرێت؛ بۆیە حوکمی کتێبی خواى گەورە (قورئان) لەسەرم جێبەجێ بکە، -صلى اللە علیە وسلم-فەرمووی: «ئایا لەگەڵ ئێمە ئامادەی نوێژکردن بوویت؟»، ووتی: بەڵێ، فەرمووی: «لێخۆشبوون لە تۆ بڕیاردرا».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپیاوێک هات ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، تاوانێکم کردووە کە دەبێت سنوورم (حەدم) لەسەر جێبەجێ بکرێت؛ بۆیە لەسەرمی جێبەجێ بکە (واتا حوكمی خودا لەسەرم جێبەجێ بکە)، ئەنەس دەڵێت: (وپرسیاری سەبارەتی نەکرد) واتا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری نەکرد سەبارەت بە تاوانەکە ئایا چییە کە هۆکارە بۆئەوەى سنووری شەرعی لەسەر جێبەجێ بکرێت؟ ووتراوە: چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- زانیاری هەبوو سەبارەت بە تاوانەکەى ولێخۆشبوونی لە ڕێگەى وەحیەوە، (ئامادەى نوێژکردن بوو، لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- نوێژی کرد ): واتا یەکێک لە نوێژەکان یان نوێژی عەسر بوو وکاتێک نوێژەکە تەواو بوو هەستا و ووتی: (ئەی پێغەمبەری خودا، تاوانێکم کردووە دەبێت سنوورم -حەدم- لەسەر جێبەجێ بکرێت): واتا حوکمی خواى گەورە لە قورئان وسونەت لەسەرم جێبەجێ بکە بەو شێوەیەی بەڵگەی لەسەر هاتووە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ئایا لەگەڵ ئێمە ئامادەی نوێژکردن بوویت؟)، ووتی: بەڵێ، فەرمووی: (لێخۆشبوون لە تۆ بڕیاردرا یان لێخۆشبوون لە جێبەجێکردنی سنوورەکە لەسەر تۆ بڕیاری لەسەر درا)، ومەبەست لە سنوور (حەد) سزایەکی گشتیە بۆ تەمبێکردن، ولەوەیە مەبەست شتێکی تر بێت نەک مەبەست هەقیقەتی جێبەجێکردنی سنوورەکان بێت لە ڕوانگەى شەریعەتەوە، وەکو زینا کردن ومەی خواردنەوە، وحیکمەت لەوەدایە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری سەبارەت بە تاوانەکە نەکرد ئەوەیە کە زانیاری هەبوو سەبارەت بەوەى جۆرێک لە بیانووی -عوزری- هەیە، بۆیە پرسیاری نەکرد سەبارەت بە تاوانەکە بۆ ئەوەى سنوورەکەى لەسەر جێبەجێ نەکات، چونکە ئەگەر تاوانەکەی بزانیایە ئەوا واجب بوو کە سنوورەکەى لەسەر جێبەجێ بکات ئەگەرچیش تەوبەی کردبێت؛ چونکە تەوبە کردن نابێتە هۆی جێبەجێنەکردنی سنوورەکان جگە لە سنووری کەسی ڕێگر وچەتە چونکە ئایەتی لەسەر هاتووە، وهەروەها سنوور جێبەجێ ناکرێت لەسەر کافرێک کە زینای کردبێت وپاشان ببێت بە مسوڵمان.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پیاوێک ڕوخسەتی وەرگرت بۆ ئەوەى بێت بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ئەویش فەرمووی: «ڕوخسەتی پێبدەن، چەند برایەکی خراپە لە نێو هۆزەکەیدا !».
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریپیاوێک ڕوخسەتی وەرگرت بۆ ئەوەى بێت بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ئەویش فەرمووی: (ڕوخسەتی پێبدەن، چەند برایەکی خراپە لە نێو هۆزەکەیدا)، وکاتێک دانیشت پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا کرد، وکاتێک پیاوەکە ڕۆیشت، عائیشە پێی ووت: ئەی پێغەمبەری خودا، کاتێک پیاوەکەت بینی ئاوا وئاوات پێی ووت، وپاشان ڕوو خۆش بوویت لەگەڵیدا؟ ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (يا عائشة، متى عَهِدْتِنِي فَحَّاشًا، إن شَرَّ الناس عند الله منزلة يوم القيامة من تركه الناس اتقاء شره) [رواه البخاري] واته: (ئەی عائیشە، کەی بینووتە کە من جنێو بدەم ! خراپترین خەڵکی لای خواى گەورە ئەو کەسەیە کە خەڵکی لێی دوور دەکەونەوە بۆ خۆپاراستن لە شەڕ وخراپەی)، ئەم پیاوە کەسێکی خراپەکار بوو بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسیکرد لە کاتی ئامادەنەبوونی چونکە شایستەیە کە باس بکرێت بۆیە فەرمووی خراپترینی نێو بنەماڵەکەیەتی بۆئەوەى خەڵکی لە شەڕی خۆیان بپارێزن، وپێی سەرسام نەبن، ئەگەر کەسێکت بینی خراپەکارە وخەڵکی تووشی سەرسامبوون کردووە بەهۆی قسەکانى پێویستە بزانی کە پیاوێکی خراپەکارە؛ بۆئەوەى خەڵک پێی هەڵنەخەڵەتێن، چەند کەس هەیە ئەگەر گوێت لە قسەکانى بێت تووشی سەرسوڕمانت دەکات وئەگەر لاشەی ببینیت بە لاتەوە جوانە بەڵام لەڕاستیدا هیچ خێرێکی تێدا نییە، بەڵام هۆکاری باشی مامەڵەکردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەرامبەر ئەو کەسە لە ڕوانگەى پاراستنی کۆمەڵگا وبەڕێوەبردنی کاروبارەکانى ژیانە، ئەمە سازش کردن ودەستبەردار بوون نییە لە واجبێک یان ئەنجامدانى حەرامکراوێک چونکە سازش کردن بۆ ئەنجامدانى حەرامکراوێک یان وازهێنان لە واجبێک؛ حەرامکراوە لە هەموو حاڵەتێکدا، خواى گەورە دەفەرموێت: {وَدُّوا لَوْ تُدْهِنُ فَيُدْهِنُونَ} [القلم: 9] واته : {حەزیـان دەکرد کە تۆ نەرمی نیشان بدەیت، ئەوسا ئەوانیش نەرمی (بەرانبەرت) دەنوێنن}، بەڵام باش مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک کەس بۆ پاراستنی کۆمەڵگا وبەڕێوەبردنی کاروبارەکان بۆ بەرژەوەندیەک کە هیچ زیانێکی تێدا نەبێت؛ ئەوا ئەمە فەرمانپێکراوێکی شەرعیە.
لە ئیبراهیمی کوڕی عبدالرحمانى کوڕی عەوفەوە دەڵێت: عبدالرحمانى کوڕی عەوف -ڕەزاى خواى لێبێت- هەندێک خواردنی بۆ هێنرا (پاش ئەوەى) لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوو، وپاشان (عبدالرحمان) ووتی: «موسعەبی کوڕی عومەیر کوژرا -ڕەزاى خواى لێبێت- وئەو لە من خێرتر (باشتر) بوو، هیچ شتێکی نەبوو کە پێی کفن بکرێت جگە لە پارچە جلێک نەبێت، ئەگەر سەریان دابپۆشیایە پێیەکانى دەردەکەوت، وئەگەر پێیەکانیان دابپۆشیایە سەری دەردەکەوت، پاشان نیعمەتەکانى دونیا ڕژا بەسەرماندا، یان ووتی: «ئەوەى پێمان بەخشرا لەم دونیایەدا پێمان بەخشرا، دەترسم لەوەى پاداشتی چاکەکانمان پێش خرابێت بۆمان لەم دونیایەدا»، پاشان گریا هەتاوەکو وازى لە خواردن هێنا.
بوخاری گێڕاویەتیەوەواتاى فەرموودەکە: عبدالرحمانی کوڕی عەوف -ڕەزاى خواى لێبێت- ڕۆژێک بەڕۆژوو بوو، وکاتێک ڕۆژووی شکاند خواردنیان بۆ هێنا، وئەوەى ڕۆژووگرە بێگومان حەز دەکات خواردن بخوات، بەڵام ئەو لەو کاتەدا هاوەڵانی بیر کەوتەوە هەرچەندە خۆیشی لەو هاوەڵانە بوو کە کۆچی کرد بەرەو مەدینە، بەڵام وەکو خۆ بەکەمدانانێک ووتی: موسعەبی کوڕی عومەیر -ڕەزاى خواى لێبێت- لە من خێرتر وباشتر بوو ئەمیش لە ڕوانگەی سادە بوون -تواضع- وهەڵبژاردنی ئارامگرتن وهەژاریەوە، ئەگینا زانایان کۆکن لەسەر ئەوەى کە دە هاوەڵە موژدە پێدراوەکە بە بەهەشت باشترینی هاوەڵانن. وموسعەبی کوڕی عومەیر -ڕەزاى خواى لێبێت- لە پێش ئیسلامیدا لای دایک وباوکی بوو ودەوڵەمەند بوون، وجوانترین جلی دەپۆشی لە نێو خەڵکیدا وزۆر گرنگیان پێی دەدا، کاتێک مسوڵمان بوو جێیان هێشت ولێی دوور کەوتنەوە، وئەویش لەگەڵ پێغەمبەردا -صلى اللە علیە وسلم- کۆچی کرد بەرەو مەدینە، وجلێکی لەبەردا بوو کە چەند پینەیەکی بەسەرەوە بوو پاش ئەوەى لە مەککە بەهۆی دایک وباوکیەوە جوانترین جلی دەپۆشی، بەڵام ئەو هەموو ئەوانەى جێهێشت وکۆچی کرد بۆ لای خودا وپێغەمبەرەکەى، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئاڵاکەى بە ئەو بەخشی لە جەنگی ئوحود دا، بۆیە شەهید بوو -ڕەزاى خواى لێبێت-، وجلێکی لەبەردا ئەگەر سەریت دابپۆشیایە ئەوا پێیەکانى دەردەکەوت وئەگەر پێیەکانیت دابپۆشیایە ئەوا سەری دەردەکەوت، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى کرد کە سەری دابپۆشرێت بە جلەکە وپێیەکانى بە جۆرێک لە ڕووەک بە ناوى (ئیزخیر:الإذخر) دابپۆشرێت، بۆیە عبدالرحمان حاڵی ئەم هاوەڵەی بیر کەوتەوە، وپاشان ووتی: ئەوان ڕۆیشتن وسەلامەت بوون لەوەى خودا بەسەر ئەوانی تردا کردیەوە لە دونیا ودەستکەوتی زۆر، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: {وَمَغَانِمَ كَثِيرَةً يَأْخُذُونَهَا ۗ وَكَانَ ٱللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا} [الفتح: 19] واتە:{وە دەستکەوتی (غەنیمەتی) زۆر کە بەدەستی دەھێنن وە خوا ھەمیشە شکۆدار و کاربەجێیە -دانا وحەکیمە-}، پاشان عبدالرحمانی کوڕی عەوف -ڕەزاى خواى لێبێت- ووتی: (دەترسم لەوەى پاداشتی چاکەکانمان پێش خرابێت بۆمان لەم دونیایەدا): واتا دەترسم لە ڕیزی ئەوانە بین کە خواى گەورە سەبارەتیان دەفەرموێت: {مَّن كَانَ يُرِيدُ ٱلْعَاجِلَةَ عَجَّلْنَا لَهُۥ فِيهَا مَا نَشَآءُ لِمَن نُّرِيدُ ثُمَّ جَعَلْنَا لَهُۥ جَهَنَّمَ يَصْلَىٰهَا مَذْمُومًا مَّدْحُورًا} [الإسراء: 18] واتە:{ھەر کەسێک تەنھا ژیانی دونیای بوێت لەم (دونیا) دا زوو پێی دەدەین ئەوەی بمانەوێت بۆ ھەرکەسێک لە پاشان دۆزەخمان بۆ سازداوە دەچێتە ناوی بە لۆمەکراوی و دەرکراوی لە میھرەبانی خودا}، یان کاتێک خواى گەورە سەبارەت بە ئەوان دەفەرموێت: {أَذْهَبْتُمْ طَيِّبَـٰتِكُمْ فِى حَيَاتِكُمُ ٱلدُّنْيَا وَٱسْتَمْتَعْتُم بِهَا} [الأحقاف: 20] واتە:{(پێیان دەووترێت) ھەرچی خۆشیتان بوو بەسەرتان برد لە ژیانی دونیاتاندا وە لەزەتتان لێ برد و(ڕاتان بوارد)}. هاوەڵان -ڕەزاى خوایان لێبێت- ترسیان زیاتر بوو بۆیە ئەویش -ڕەزاى خواى لێبێت- ترسا لەوەى کە پاداشتی چاکەکانیان زوو پێبەخشرا بێت لەم دونیایەدا، بۆیە گریا وترسا لەوەى لەگەڵ ئەو چاکەکارانە نەبێت کە لە پێش ئەودا ڕۆیشتن، وپاشان وازى لە خواردن هێنا -ڕەزاى خواى لێبێت-.
لە حەکیمی کوڕی حیزامەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: (ماڵ وسامانم) داوا کرد لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پێی بەخشیم، پاشان هەر داوام لێکرد؛ ئەویش هەر پێی بەخشیم، پاشان پێی فەرموو: «ئەی حەکیم، ئەم سامانە خۆشەویست و بەچێژە، هەرکەسێک بە سەخاتەوە بیبات ئەوا بەرەکەتی پێدەبەخشرێت تێیدا، وهەرکەسێک بە چاو برسییەوە بیبات ئەوا بەرەکەتی پێنابەخشرێت، وەکو ئەو کەسە وایە هەر دەخوات وتێر نابێت، وئەو دەستەی لە سەرەوەیە (دەبەخشێت) خێرترە لەو دەستەی لە ژێرەوەیە (وەردەگرێت)»، حەکیم ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، سوێند بە ئەوەى تۆی ناردووە بە هەق، من هەرگیز لە پاش تۆ هیچ شتێک لە کەس وەرناگرم هەتاوەکو ئەم دونیایە جێدەهێڵم، ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- (لە ماوەى خیلافەتەکەیدا) بانگی حەکیمی دەکرد بۆئەوەى بەشی خۆی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە وەری بگرێت، وپاشان عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- (لە ماوەى خیلافەتەکەیدا) بانگی حەکیمی دەکرد بۆئەوەى بەشی خۆی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە وەری بگرێت. پاشان (عومەر) ووتی: ئەی مسوڵمانان، ئێوە شاهێد بن لەسەر حەکیم من بەشی خۆی پێدەدەم لەم دەستکەوتە کە خودا پێی بەخشیووە بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە وەریبگرێت، بۆیە حەکیم لە پاش پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هیچ شتێکی لە هیچ کەسێک وەرنەدەگرت هەتا کۆچی دوایی کرد.
(البخاري ومسلم) هاوڕان لەسەریحەکیمی کوڕی حیزام -ڕەزای خودای لێبێت- داوای شتومەكی دونیایی کرد لە پێغەمبەری خودا؛ ئەویش پێی بەخشی، پاشان هەر داوای لێیکرد؛ ئەویش هەر پێی بەخشی، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەی حەکیم، ئەم پارە وسامانە بەچێژە ونەفس ئارەزووی دەكات، هەرکەسێک پێی ببەخشرێت بە بێ داواكردن وبە بێ چڵێسی نەفس وبێ ڕووگیری؛ ئەوا بەرەکەتی پێدەبەخشرێت تێیدا، وهەرکەسێک بە چاوبزی نەفس وتەماحەوە بیبات؛ ئەوا بەرەکەتی پێنابەخشرێت تێیدا، وەکو ئەو کەسە وایە هەر دەخوات وتێر نابێت، وئەو دەستەی لە سەرەوەیە ودەبەخشێت خێرترە لە لای خوای گەورە لەو دەستەی لە ژێرەوەیە وداوا دەكات، حەکیم ووتی: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا، سوێند بە ئەوەى تۆی ناردووە بە هەق، من هەرگیز لە پاش تۆ هیچ شتێک لە پارە وسامانی خەڵكی كەم ناكەمەوە بە داواكردن لێیان هەتاوەکو ئەم دونیایە جێدەهێڵم. خەلیفەی -جێنشینی- پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- لە ماوەى خیلافەتەکەیدا بانگی حەکیمی دەکرد بۆئەوەى بەشی خۆی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە هیچ شتێك قبوڵ بكات، پاشان پێشەوای ئیمانداران عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- لە ماوەى خیلافەتەکەیدا بانگی حەکیمی دەکرد بۆئەوەى بەشی خۆی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە قبوڵی بكات. پاشان عومەر ووتی: ئەی مسوڵمانان، ئێوە شاهێد بن لەسەر حەکیم من هەقی خۆی پێدەدەم لەم دەستکەوتەی خودا پێی بەخشیووە كە مسوڵمانان بەدەستی دەهێنن لە كافرەكانەوە بە بێ جەنگ وبە بێ جیهاد؛ بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە وەریبگرێت، بۆیە حەکیم لە پاش پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پارە وسامانی لە هیچ یەكێك كەم نەدەكردەوە بە داوا كردن لێی هەتا کۆچی دوایی کرد.
لە عبداللە کوڕی عەمرو -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خێرترینی هاوڕێ لە لای خوای گەورە؛ باشترینیانە (بەسوودترینیانە) بۆ هاوڕێکەى، وخێرترین دراوسێ لە لای خواى گەورە؛ باشترینیانە (بەسوودترینیانە) بۆ دراوسێکەى».
تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە - دارەمی گێڕاویەتیەوەباشترین هاوڕێ کە پلەی بەرزە لە لای خواى گەورە ئەوانەن کە زیاتر سوودیان هەیە بۆ هاوڕێکانیان لە هەموو لایەنێکەوە، وباشترین دراوسێ کە پلەی بەرزە لە لای خواى گەورە ئەوانەن کە زیاتر سوودیان هەیە بۆ دراوسێکانیان لە هەموو لایەنێکەوە.
لە عبداللەی کوڕی بوسرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خێرترین خەڵکی ئەو کەسەیە تەمەنی درێژ بێت وکردەوەکانى چاک بێت».
تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوە - دارەمی گێڕاویەتیەوەواتاى فەرموودەکە: مرۆڤە هەرچەندە تەمەنی زیاتر بێت ئەوا زیاتر لە خواى گەورە نزیک دەبێتەوە ئەگەر لەسەر ئەنجامدانى کردەوە چاکەکان بەردەوام بێت وخۆی لە خراپە وتاوانەکان بە دوور بگرێت؛ هەتاوەکو تەمەنی زیاتر بێت پەرستنی زیاتر ئەنجامدەدات وئەمیش زیاتر لە خودا نزیکی دەکاتەوە بۆیە خێرترینی خەڵکی ئەوەیە کە هیدایەت دراوە بۆ هەردوویان: تەمەن درێژی وئەنجامدانى کردەوەى چاک. تەمەن درێژی خێر نییە بۆ مرۆڤ ئەگەر کردەوەی چاک ئەنجام نەدات وخودا نەپەرستێت؛ چونکە هەندێک جار تەمەنی مرۆڤ درێژ دەبێت بەڵام ئەمە شەڕ وزیانى لەسەر زیاتر دەکات، هەروەکو لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە: (ووترا: چ کەسێک خێرترینە -باشترینە-؟ ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: « من طال عمره، وحسن عمله » واتە: «کەسێک تەمەنی درێژ بێت وکردەوەکانى چاک بێت»، ووترا: چ کەسێک شەڕترینە -خراپترینە-؟ ئەویش فەرمووی: «من طال عمره وساء عمله» واتە: «ئەوەى تەمەنی درێژ بێت وکردەوەکانى خراپ بێت») [رواه أبو داود والترمذي]، وخواى گەورە دەفەرموێت: {وَلَا يَحْسَبَنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓا۟ أَنَّمَا نُمْلِى لَهُمْ خَيْرٌ لِّأَنفُسِهِمْ ۚ إِنَّمَا نُمْلِى لَهُمْ لِيَزْدَادُوٓا۟ إِثْمًا ۚ وَلَهُمْ عَذَابٌ مُّهِين} [ال عمران: 178] واتە: {ھەرگیز وا گومان نەبەن ئەوانەی کە بێباوەڕن ئەو مۆڵەت پێدانەی ئێمە بۆ ئەوان چاکە بۆیان بەڕاستی ئێمە مۆڵەتی ئەوان دەدەین بۆ ئەوەی گوناھی زیاتر بکەن وە بۆ ئەوان ھەیە سزایەکی ڕیسواکەر}، ئەو کافرانە خواى گەورە مۆڵەتیان پێدەدات وڕزق وتەندروست باشی وتەمەن درێژی وخێزان وماڵ ومنداڵیان پێدەبەخشێت، ئەمە خێری تێدا نییە بۆیان بەڵکو شەڕ وزیانە بۆیان، پەنا بە خودا، چونکە ئەوان سەرەڕای ئەم نیعمەتانەى خواى گەورە تاوان زیاتر ئەنجامدەدەن، تەیبی -ڕەحمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: (کاتەکان وەکو سەرمایەی بازرگان وان -بۆ مرۆڤ-، بۆیە پێویستە مرۆڤ لەو شتەدا بازرگانى بکات کە دەیباتەوە، هەرچەندە سەرمایەکە زیاتر بێت ئەوا بردنەوە وقازانجەکە زیاتر دەبێت، هەرکەسێک کردەوە بکات بۆ بەدەستهێنانى سوودێک -بۆ قیامەتی-؛ ئەوا براوەیە، وهەرکەسێک سەرمایەی تیا بچێت -کردەوەکانى چاک نەبێت وکردەوەى خراپ ئەنجامبدات- ؛ ئەوا نایباتەوە وبە دۆڕانێکی ڕوون وئاشکرا تیا دەچێت).
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «لەوەیە کەسێکی (قژ) شێواو کە لە پێش دەرگاکاندا دوور دەخرێتەوە (پاڵی پێوە دەنرێت)؛ ئەگەر سوێند بخوات لەسەر ئەوەی خواى گەورە شتێکی بۆ جێبەجێ بکات؛ ئەوا بۆی جێبەجێی دەکات».
(مسلم) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە كەسی وا هەیە لەنێو خەڵكیدا؛ قژی پیس وتۆزاویە وچەوری ناكات وزۆر نایشوات، وهیچ ڕێز وقەدرێكی نییە لەلای خەڵكی ولە بەر دەرگاكانیان پاڵی پێوە دەنێن ودووری دەخەنەوە ئەگەر بیبینن؛ ئەمیش وەكو بەكەمدانانێك بۆی، بەڵام ئەگەر ئەم كەسە سوێند بخوات كە خوای گەورە شتێك جێبەجێ بكات ئەوا وەكو ڕێزلێنانێك بۆی؛ خوای گەورە وەڵامی داواكەی دەداتەوە، وسوێندەكەی لە شكاندن دەپارێزێت، ئەمیش بەهۆی فەزڵ وبەرزی پلەی لەلای الله.