





























Hadeeth Cards
Da'wa cards that highlight great meanings from the noble prophetic hadiths in a simple style and attractive display that helps the Muslim to have a deeper understanding of his religion in an easy way
All
لە جابرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ویستی غەزایەک (هەڵمەتی ڕزگارکردن) ئەنجامبدات، فەرمووی: «ئەی کۆمەڵی موهاجیرین وئەنساڕەکان، هەندێک کەس لە براکانتان نە موڵکیان هەیە، ونە هۆز (نە خزم وکەسوکار)، بۆیە با یەکێکتان دوو پیاو یان سیان بۆ لای خۆی ببات، هیچ یەکێکمان سواری نییە کە هەڵیبگرێت (مەگەر بە نۆرە نەبێت)**». (جابر) دەڵێت: دوو یان سێ کەسم هێنا بۆ لای خۆم وسواری وشترەکەم دەبووم بە نۆرە لەگەڵ ئەواندا. *(با یەکێکتان پیاوێک یان دووان بۆ لای خۆی ببات*، واتە: بۆئەوەى یارمەتی بدات بە پێی توانا)، **(مەگەر بە نۆرە نەبێت: واتا دوو کەس یان زیاتر وشترێکیان هەیە وماوەیەک لە ڕێگا یەکێکان سواری دەبێت وئەوی تر ڕێدەکات، ماوەیەکی تر بە پێچەوانەوە)
ئیبنوداود گێڕاویەتیەوەشیکردنەوەى فەرموودەکە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى بە هاوەڵان کرد دوو یان سێ کەس بە نۆرە سواری وشترێک بن بۆئەوەى خەڵکی هەموو یەکسان بن لە پشوو وەرگرتن وڕێکردندا؛ بۆئەوەى هەندێک زۆر ماندوو نەبێت وهەندێکی تر بە ئەوپەڕی پشوو وەرگرتنەوە بگات بە کۆتایی سەفەرەکە.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئەگەر یەکێکتان ویستی بچێتە سەر جێگاکەى؛ با جێگاکەى بتەکێنێت بە چمکێکی کراسەکەى چونکە نازانێت لە پاش خۆی چی هاتووەتە نێو جێگاکەى، وپاشان بڵێت: ( باسمك ربي وضعت جنبي، وبك أرفعه، إن أمسكت نفسي فارحمها، وإن أرسلتها، فاحفظها بما تحفظ به عبادك الصالحين)*». *(واتە: پەروەردگارم بە ناوی تۆ لاتەنیشتم دادەنێم، و بەناوى تۆ بەرزی دەکەمەوە، ئەگەر گیانی منت گرتەوە لە لای خۆت -ڕۆحمت کێشا-؛ ئەوا ڕەحمی پێبکە، وئەگەر بەریشت دا -ڕۆحمت نەکێشا-؛ ئەوا بیپارێزە بەوەى بەندە چاکەکانتی پێ دەپارێزیت)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریمانای ئەم فەرموودەیە سەبارەت بە ڕوونکردنەوەى زیکرەکانی خەوتنە، ئەمیش ئەو ساتەیە کە مرۆڤ ڕۆحی بە پەروەردگاری دەسپێرێت لە ساتێکدا کە هیچ هێز وتوانایەکی نییە بۆ پاراستنی، بۆیە دەیسپێرێت بە پەروەردگاری بۆئەوەى بیپارێزێت بە ئەوپەڕەی تەوەکول وپشت بەستن بە خواى گەورە، زانایان دەڵێن: وحیکمەت ودانایی زیکر ونزاکردن لە کاتی خەوتن وهەستان لە خەو ئەوەیە کە مرۆڤ کۆتا کردەوەکانى (لە کاتی خەوتندا) پەرستن ویادی خواى گەورە بێت، وسەرەتای کردەوەکانى (لە کاتی هەستان لە خەودا) بە هەمان شێوە، لەم فەرموودەیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سونەتەکانى خەوتن وهەستان لە خەومان بۆ ڕووندەکاتەوە لە ڕوانگەى زیکرکردن ونزا وکردەوەکانەوە، سەرەتا ڕێنموێنیمان دەکات بۆ کردەوە، فەرمووی: (ئەگەر یەکێکتان ویستی بچێتە سەر جێگاکەى؛ با جێگاکەى بتەکێنێت): چونکە عەرەب جێگاکانیان وەکو خۆی جێی دەهێشت ولەوەیە لە پاش جێهێشتنی مێرووی زیانبەخش بچێتە نێو جێگاوە، یان بە تۆز وخۆڵ پیس ببێت؛ بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکرد بە تەکاندنی پێش ئەوەى مرۆڤ لە نێوی جێگاکەى بخەوێت، پاشان کەرەستەیەک لە کەرەستەکانى تەکاندن وپاککردنەوەى باسکرد ودەکرێت شتی تریش بەکاربهێندرێت، فەرمووی: (بە چمکێکی کراسەکەى): واتا بە گۆشەیەکی ئەو جلەى لەبەریدایە بەتایبەت لە بەشی خوارەوەى لاشە لە ناوەوە، چونکە ئاسانترە بۆ تەکاندن وهەروەها ڕووکەشی جلەکە پیس نابێت بە تۆز وخۆڵ وشتی تر، وعەرەب زۆرجار لەو کاتەدا دوو جلیان لەبەردا بوو (إزار) لە بەشی نیوەى خوارەوەى لاشە لەبەر دەکرێت، و(رداء) کە لە بەشی نیوەى سەرەوەى لاشە لەبەر دەکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ جێگاکەى بتەکێنێت ئیتر هەرجلێکی لەبەردا بێت (یەک پارچە بێت یان زیاتر) وبەهەر شێوە وکەرەستەیەکی تر بێت، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆکاری ئەم تەکاندن وپاککردنەوەى باسکرد، فەرمووی: (چونکە نازانێت لە پاش خۆی چی هاتووەتە نێو جێگاکەى): ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر جەختکردنەوەى شەریعەتی ئیسلام لەسەر پاراستنی لاشەی مرۆڤەکان، چونکە لاشەکان بنچینەن بۆ سەرخستنی ئاین وجێبەجێکردنی فەرمانەکانى شەریعەت، ولێرەدا سونەتی کردەوەیی (السُنة الفعلیة) تەواو بوو لەگەڵ ڕوونکردنەوەى هۆکارەکەى. دووەم: سونەتی وتەیی (السُنة القولیة): پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (باسمك ربي:پەروەردگارم بە ناوی تۆ): بەناوى خواى گەورەی بەرز ومەزن ئەم لاشە سست وماندووە لەسەر ئەم جێگایە دادەنێم، وئەمیش بەڵگەیە بۆئەوەى سونەتە مرۆڤ لە هەموو کاتێکدا زیکر ویادی پەروەردگاری بکات. پاشان دەڵێت: (وضعت جنبي، وبك أرفعه:لاتەنیشتم دادەنێم، و بەناوى تۆ بەرزی دەکەمەوە): واتا لاشەم دانانێم وبەرزی ناکەمەوە لەسەر زەوی مەگەر لەگەڵ هێنان ویادکردنی ناوی تۆ نەبێت. ( إن أمسكت نفسي فارحمها: ئەگەر گیانی منت گرتەوە لە لای خۆت -ڕۆحمت کێشا-؛ ئەوا ڕەحمی پێبکە): واتا ئەگەر لە کاتنی خەوتندا مردم؛ ڕەحمم پێبکە. (وإن أرسلتها: وئەگەر بەریشت دا -ڕۆحمت نەکێشا-): واتا ئەگەر لە کاتی خەوتندا نەمردم ودیسانەوە ژیانت پێبەخشیم. ( فاحفظها بما تحفظ به عبادك الصالحين:ئەوا بیپارێزە بەوەى بەندە چاکەکانتی پێ دەپارێزیت): واتا من وڕۆحم بپارێزە بە هەرشتێک کە بەندەکانتی پێ دەپارێزیت، ئەمیش بە پاراستنی لە هەموو تاوان وگوناهـ وشەڕ وزیانێک، هەروەکو -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (احفظ الله يحفظك) واتە: (تۆ سنوورەکانى خودا بپارێزە -واجبەکان ئەنجامبدە ولە حەرامەکان دوور بکەرەوە-؛ ئەوا خودایش تۆ دەپارێزێت)، ئەم پاراستنەى لەم فەرموودەیە باسکراوە پاراستنێکی گشتییە بۆیە باسی بەندە چاکەکانى خودا کراوە چونکە پاراستنی تەواوی خودا بۆ بەندە پاش ئەوە دەبێت کە بەندە چاک دەبێت ولەسەر ڕێگای ڕاست پابەند دەبێت، بۆیە ئەوانەى سنوورەکانى خودا ناپارێزن وپشتگوێی دەخەن؛ ئەو پاراستنەیان دەستناکەوێت کە خودا دەیبەخشێت بە ئەولیاکانی (دۆستانی)، بەڵام ئەگەر ئەم زیکرە بخوێنێت ئەوا لەوەیە شتێک لەو پاراستنە بەدەست بهێنێـت.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پەنا بگرن بە خواى گەورە لە : (جهد البلاء، وَدَرَكِ الشقاء، وسوء القضاء، وشماتة الأعداء)*»، لە گێڕانەوەیەکدا سوفیان دەڵێت: گومانم هەیە دانەیەکیانم زیاد کردبێت. *(بەڵا وتاقیکردنەوەى سەخت وناڕەحەت، وقووڵی لێقەومان ومەینەتی، وقەزای بڕیار لەسەر دراوی خراپ، ودڵخۆشبوونی دوژمنان -بەهۆی ناخۆشیەکانەوە-)
بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریئەم فەرموودەیە لەو فەرموودانەیە کە پێی دەووترێت -جوامع الکلم-ی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ، واتا چەند وشەیەکی کەمە بەڵام گەلێک واتای مەزنی تێدایە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەم فەرموودەیەدا پەناى بە خواى گەورە گرت لە چوار شت، ئەگەر بەندە سەلامەت وپارێزراو بوو لەم شتانە ئەوا لە دونیا ودواڕۆژدا سەلامەت دەبێت، وئەمەیە بردنەوەى مەزن. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پەنای بە خواى گەورە گرت لە چوار شت، ئەمانەن: (جهد البلاء:بەڵا وتاقیکردنەوەى سەخت وناڕەحەت): واتا ناڕەحەتی وسەختی بەڵا وناخۆشی -پەنا بە خودا-، چونکە بەڵا وتاقیکردنەوە زۆر سەخت وناڕەحەت بوو مرۆڤ ناتوانێت زامنی ئەوە بکات کە ناڕەزایی دەرنەبڕێت بەرامبەر قەدەرەکانى خواى گەورە -سبحانه وتعالى-، بۆیە ئەم ناڕەزایی دەربڕینە دەبێـتە هۆی ئەوەى بەندە لە دونیا ودواڕۆژدا دۆڕاو بێت چونکە ئارامگر نەبوو بەرامبەر قەزا وقەدەرەکانى خواى گەورە. (وَدَرَكِ الشقاء: وقووڵی لێقەومان ومەینەتی): ئەمیش مەینەتی وسەختیەکانى دونیا ودواڕۆژ دەگرێتەوە بە شێوەیەکی گشتی، بەتایبەت ناڕەحەتی دواڕۆژ، چونکە سزا وسەختی قیامەت لە پاشیدا خۆشی نایەت؛ ئەگەر مرۆڤ بچێتە دۆزەخەوە یان سزایەکی سەخت بدرێت بە پێچەوانەى ناڕەحەتیەکانى دونیا کە لە تەمەنێکی کەمدا مرۆڤ ڕۆژێک ئاسوودەیە وڕۆژێکی تر لە سەختی وناڕەحەتیدایە. (وسوء القضاء:وقەزای بڕیار لەسەر دراوی خراپ): واتا قەزا وقەدەرێک حوکمی لەسەر درابێت لەسەر بەندە لە شتێکدا کە پێی ناڕەحەت بێت وئارامگر نەبێت، ئەمەش گشتییە وهەموو کاروبارێکی دونیا دەگرێتەوە لە: ماڵ ومنداڵ وتەندروستی وهاوسەر وهەموو شتێکی تر، وهەروەها سەبارەت بە ڕۆژی قیامەتیش، ولێرەدا مەبەست لە (القضاء:قەزا): ئەوە حوکمەیە خواى گەورە بڕیاری لەسەر داوە ولە هەموو حاڵەتێکدا خێرە بۆ بەندە؛ ئەگەر بەندە ئارامگر بێت هەروەکو فەرمانی پێکراوە لەسەر ئارامگرتن. (وشماتة الأعداء:ودڵخۆشبوونی دوژمنان -بەهۆی ناخۆشیەکانەوە-): ئاسوودە بوونی دوژمن بەهۆی زیانەکان دەبێـتە هۆی ئەوەى ئیماندار دڵتەنگ بێت وکاریگەری لەسەری دەبێت، ئەمیش دوژمنانی ئاین لە پلەی یەکەم دێت، وپاشان دوژمنان لە ڕووی دونیاوە.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «(بەشە)خۆراکی دوو کەس؛ بەشی سێ کەس دەکات، و(بەشە) خۆراکی سێ کەس؛ بەشی چوار کەس دەکات». ولە گێڕانەوەى (مسلم) دا: لە جابرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «(بەشە) خۆراکی یەک کەس؛ بەشی دوو کەس دەکات، و (بەشە) خۆراکی دوو کەس؛ بەشی چوار کەس دەکات، و (بەشە) خۆراکی چوار کەس؛ بەشی هەشت کەس دەکات».
موسلیم گێڕاویەتیەوە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەریفەرموودەکە هاندانى تێدایە بۆ بەشداری کردن لە خواردندا، ئەگەر خواردنەکە کەمیش بێت ئەوا هێندەى پێویستە لێی بەدەست دەهێندرێت، وبەرەکەت وپیرۆزی تێدەکەوێت کە هەموو ئامادەبووانی دەگرێتەوە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هاندەدات بۆ لەخۆبردوویی (الإیثار) واتا ئەگەر خۆراکەکەت هێنا وپێت وابوو بەشت دەکات، وپیاوێکی تر هات بۆئەوەى بەشدارت بێت لە خواردنیدا؛ ئەوا ڕەزیل مەبە، ومەڵێ ئەمە تەنها خۆراکی منە؛ بەڵکو بەشی بدە چونکە بەشی هەردووتان دەکات.
لە عائیشەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نزای دەکرد بە ووتنی ئەم وشانە: «(اللهم إني أعوذ بك من فتنة النار، وعذاب النار، ومن شر الغنى والفقر)*». *(واتە: خودایە، پەنا بە تۆ دەگرم لە فیتنە وتاقیکردنەوەى ئاگری دۆزەخ، وپەنا بە تۆ دەگرم لە سزای ئاگری دۆزەخ، ولە شەڕ وخراپەی تاقیكردنەوەی دەوڵەمەندی، ولە شەڕ وخراپەی تاقیكردنەوەی هەژاری ونەداری)
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوەپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پەنای بە خواى گەورە دەگرت لە چوار شتە: (اللهم إني أعوذ بك من فتنة النار:خودایە، پەنا بە تۆ دەگرم لە فیتنە وتاقیکردنەوەى ئاگر): واتا فیتنە وتاقیکردنەوەیە -لە لادانەکان وتاوانەکان- کە ببێتە هۆچ چووونە دۆزەخ، ولەوەیە مەبەست لە -فیتنەى ئاگر- پرسیاری دەرگاوانەکانى دۆزەخ -ئەو فریشتانەى پاسەوانی دۆزەخ دەکەن- بێت کە پێیان دەووترێت -الخَزَنَة- بۆ لۆمەکردنی ئەوانەى دەکرێنە نێو دۆزەخەوە، خواى گەورە دەفەرموێت: {كُلَّمَآ أُلْقِىَ فِيهَا فَوْجٌ سَأَلَهُمْ خَزَنَتُهَآ أَلَمْ يَأْتِكُمْ نَذِيرٌ} [الملك: 8] واتە: {ھەرکاتێك دەستەیەك فڕێ بدرێنە ناویەوە دەرگاوانەکانی دۆزەخ پرسیاریان لێدەکەن، ئایا پێغەمبەرێکی ترسێنەرتان بۆ نەھاتووە (لە دونیادا)}. (وعذاب النار:وسزای دۆزەخ): واتا خودایە پەنا بە تۆ دەگرم لەوەى لە ئەهلی دۆزەخ بم، ئەوانیش کافرەکانن (بێباوەڕەکانن) کە سزا دەدرێن لە نێو جەهەمەندا، بەڵام ئەوانەى تاوانبارن لە یەک خودا پەرستەکان -موەحیدەکان- پاکدەکرێنەوە وتەمبێ دەکرێن بە چوونە نێو دۆزەخ وبە هەتاهەتایی تێیدا نامێننەوە. (ومن شر الغنى:ولە شەڕ وخراپەی تاقیكردنەوەی دەوڵەمەندی): واتا خودایە پەنا بە تۆ دەگرم؛ لە خۆبەگەورەزانین وشانازی کردن بە ماڵ وسامان وسووربوون لەسەر پارە وپلەپایە و بەکەمزانینی خەڵکی کە بەهۆی دەوڵەمەندیەوە ئەمانە ڕوودەدات؛ ئەگەر خواى گەورە مرۆڤ نەپارێزێت، وهەروەها پەنا گرتنە بە خواى گەورە؛ لەوەى پارە بە ڕێگای حەرام پەیدا نەکات ولە ڕێگای حەرامدا خەرجی نەکات یان پارەکە لە شتێکدا خەرج نەکات کە ماف نییە لەسەری -بە فیڕۆی نەدات-. (والفقر:ولە شەڕ وخراپەی تاقیكردنەوەی هەژاری ونەداری): ئەو هەژاریەی کە ئارامگرتن و وەرەعی لەگەڵدا نەبێت دەبێـتە هۆی ئەوەى مرۆڤ تووشی شتێک بێت کە زیان لە دینداری وکەسایەتی دەدات، یان تووشی حەسوودی بوون -ئیرەیی بوون- بێت بە دەوڵەمەندەکان وتەماحکردنی پارە وسامانیان، وخۆ زەلیلکردن کە ببێـتە هۆی ئەوەى تانە لە دینداری وکەسایەتی بدرێت، وهەروەها ناڕازی دەبێت بەرامبەر ئەوەى خودا بۆی دابەشکردووە وپێی بەخشیووە وجگە لەمانە کە سەرەنجامی باش نابێت.
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پیاوێک ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من دەمەوێت سەفەر بکەم؛ وەسیەت وئامۆژگاریم بکە، ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «تەقوای خودا بکە (لە خودا بترسە) وتەکبیرات بکە* لە هەموو شوێنێکی بەرزدا»، کاتێک پیاوەکە دوور بووەوە، -صلى اللە علیە وسلم-فەرمووی: «(اللهم اطْوِ له البُعدَ، وهَوِّنْ عليه السفر)**». *(تەکبیرات بکە: بڵێ -الله أکبر-)، **(واتە:خودایە، ڕێگای درێژ ودووری بۆ کورت بکەرەوە، وسەفەرەکەى لەسەر ئاسان بکە)
ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - تورموذی گێڕاویەتیەوە - ئەحمەد گێڕاویەتیەوەپیاوێک دەیویست سەفەر بکات، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من دەمەوێت سەفەر بکەم؛ وەسیەت وئامۆژگاریم بکە، پێغەمبەریش -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاری کرد بەوەی تەقوای خودا بکات (لە خودا بترسێت)، وتەکبیرات بکات* ئەگەر گەیشت بە هەر هەموو شوێنێکی بەرز، کاتێک پیاوەکە دوور کەوتەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نزای بۆی کرد بەوەى خواى گەورە ئەوەندە هێز و وزەى پێببەخشێت لە خۆی وهەروەها ئاژەڵەکەیدا بۆئەوەى ئەم ڕێگایەی بۆ پوخت ببێتەوە وبە ئارامی وبێ ناڕەحەتی بگاتە شوێنی مەبەست، وهەروەها ئەم سەفەرەى لەسەر ئاسان بکات وهەموو زیان وناڕەحەتیەکی لێ دوور بخاتەوە.*(تەکبیرات بکە: بڵێ -الله أکبر-)
لە ئەبی موسای ئەشعەرییەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- دەفەرموێت: «برسی تێر بکەن، وسەردانی نەخۆش بکەن، ودیل ئازاد بکەن».
(البخاري) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- ڕوونیدەكاتەوە کە لە مافەکانی موسڵمان بەسەر برای موسڵمانی ئەوەیە ئەگەر برسی بوو تێری بکات، و نەخۆش بوو سەردانی بكات، و دیل بوو ئازادی بكات.
لە ئەبی ئومامەى باهیلیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: باسی دوو پیاو كرا بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- یەكێكیان عابیدە وئەوی تریان زانایە؛ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «فەزڵ وپلەبەرزی زانا بەسەر عابیدەوە^ وەکو فەزڵ وپلەی منە بەسەر نزمترین کەس لە ئێوە^^». پاشان پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- فەرمووی: «خودا وفریشتەکانى وئەوانەى لە ئاسمانەکان وزەویدان تەنانەت مێروولەیش لە کونەکەیدا وتەنانەت ماسیەکانیش؛ سەڵات دەدەن~ لەسەر ئەو کەسانەى خەڵکی فێری خێر دەکەن». ^(عابید: واتە کەسێک خۆی یەکلایی کردبێتەوە بۆ خودا پەرستنی زۆر زیاتر لە فێربوونی زانستی شەرعی)، ^^(نزمترین کەس لە ئێوە: لە ڕوانگەی دینداری وتەقواوەیە)، ~(سەڵات دەدەن: واتا نزا بۆ ئەو کەسانە دەکەن لە لای خودا وداوا دەکەن ڕەحمیان لێبکات وخێر وبەرەکەتیان پێببەخشێت)
(الترمذي) ڕیوایەتی كردووەدوو پیاو باسكراو بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- یەكێكیان عابید -زۆر خواپەرست-، وئەوی تر زانا بوو، كامیان باشترە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: فەزڵ وپلەبەرزی زانا بە زانستە شەرعیەكان كە كردەوەی پێدەكات وخەڵكی فێردەكات بە سەر عابید كە خۆی یەكلایی كردووەتەوە بۆ خواپەرستی لەگەڵ زانینی زانستە واجبەكان؛ وەکو فەزڵ وپلە وشەرەفمەندی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم- بەسەر هاوەڵانەوە. پاشان پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- ڕوونیكردەوە هۆكارەكەی ئەوەیە الله -سبحانه وتعالی-، وفریشتەكانی هەڵگری عەرش، وخوڵقێنراوەكانی ئاسمان وەكو فریشتەكان، وخوڵقێنراوەكانی سەر زەوی وەكو مرۆڤ وجنۆكە وهەموو ئاژەڵەكان تەنانەت مێروولەیش لە خانەكەی خۆی لە ناخی زەویدا، ونەهەنگ وماسی دەریا، وهەموو ئاژەڵەكانی وشكانی ودەریا؛ هەموو ئەمانە نزای خێر دەكەن بۆ ئەو كەسەی زانستەكانی ئاین فێری خەڵكی دەكات چونكە هۆكارە بۆ ڕزگاربوون وسەركەوتنیان.
لە حوزەیفەی کوڕی یەمانەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر بیویستایە بخەوێت، دەستی دەخستە ژێر سەری، پاشان دەیفەرموو: «اللَّهُمَّ قِنِي عَذَابَكَ يَوْمَ تَجْمَعُ أَوْ تَبْعَثُ عِبَادَكَ». «واتە: خودایە؛ لە سزای خۆت بمپارێزە لەو ڕۆژەى بەندەکانت كۆ دەكەیتەوە یان زیندوو دەکەیتەوە».
(الترمذي) ڕیوایەتی كردووەپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر بیویستایە لە شوێنی خۆی بخەوێت، دەستی ڕاستی ڕادەخست ودەیخستە ژێر گۆنای ڕاستی، ودەیفەرموو: «اللَّهُمَّ:خودایە»؛ پەروەردگارم، «قِنِي:بمپارێزە»؛ ودوورم بخەرەوە لە، «عَذَابَكَ:سزای خۆت»؛ ئازاردانت، «يَوْمَ تَجْمَعُ أَوْ تَبْعَثُ عِبَادَكَ:لەو ڕۆژەى بەندەکانت كۆ دەكەیتەوە یان زیندوو دەکەیتەوە»؛ بۆ لێپرسینەوە لە ڕۆژی قیامەتدا.